بارزانی نەمر لەسەر خۆشەویستی نیشتیمان چی فەرمووە؟
December 14, 2016
وتار و بیروڕا
ئەگەر شەڕی داعش و بەرگری لە کوردستان و پێداگری گەڕانەوەی هەندێ کەس و دەستە و گرووپ بۆ باوەشی بەغدای عرووبە بکەینە بنەمای وەڵامی پرسیارەکەمان, یان گەندەڵی و بازرگانی کردنی زۆرێک لە بەرپرسە باڵاکان بکەینە پێوەر, ئەوا ژمارەی ئەو سەرکردە و سیاسییە دەست رۆیشتووانەی ناو حزب و لایەنە کوردیەکان کە بە خۆشەویستی نیشتیمان تاوانبار دەکرێن لە ژمارەی پەنجەکانی دەست تێپەڕناکەن.
+ کەسانێک یان دەستە و گرووپگەلێک پشت لە سەربەخۆیی کوردستان و دەوڵەتی نەتەوەیی بکەن و, لە پێناو رشتنی کۆنەقین و دەستکەوتی حزبی خوازیاری گەڕانەوە بن بۆ بەغدای عرووبە, ئایا هەر بۆ ئەوە نییە بە خۆشەویستی نیشتیمان تاوانبار نەکرێن؟!
+ ئایا کەسێک لە هەستیارترین قۆناغدا نیشتیمان جێبێڵێ و لە کیشوەرێکی ترەوە سەیری پەلاماری دوژمنان و بەرگری گیانبەخشانی نەتەوەکەی بکات, ئایا هیچ گومانێک لەسەر تاوانبار بوونی بە خۆشەویستی نیشتیمانەکەی دەمێنێ؟!
+ کەسانێک یان دەستە و گرووپگەلێک بۆ سەرکەوتن بەسەر رکابەرە هاوزمان و هاوچارەنووسەکانی خۆیان لەگەڵ داگیرکارانی نیشتیمانەکەى و بکوژانی رۆڵەکانی بچێتە جێژوانی هاوپەیمانێتی سیاسییەوە, لە خۆشەویستی نیشتیمان بێبەرییە و لە دادگای داگیرکارانی کوردستان و دوژمنانی کوردیشدا پاکە و چۆن دەکرێ تاوانی خۆشەویستی نیشتیمانی بەسەردا ساغ بکرێتەوە!
+ تا ئێرە رووم لە نەیار و رکابەرەکانی پارتی بوو, بەڵام لێرەوە روو لە بەرپرسە گەندەڵ و بازرگانەکانی ناو پارتی دەکەم و بەوانیش دەڵێم: ئێوە لە درووشمبازیدا زمانتان دوو بست درێژە و موزایەدەش بە خۆشەویستی نیشتیمان و رێبازی پیرۆزی بارزانی نەمرەوە دەکەن, لە گەندەڵی و بازرگانیشدا هەنگاوی دوو مەتری دەنێن, ئەی چۆن لە خۆشەویستی نیشتیماندا خۆتان بە تاوانبار دەزانن؟! ئەی کاتێ تاوانبار کراوان بە خۆشەویستی نیشتیمان لە دوای بارزانی نەمر ریز دەبەستن, چۆن لە رووتاندێ بچنە ئەو ریزەوە؟! گریمان دزەتان کردوو چوونە ریزەوە, ئەوکات چی وەڵامی بارزانی نەمر و شوێنکەوتوانی دەدەنەوە؟!