رێگاكە بە هەولێردا تێدەپەڕێت
December 14, 2016
وتار و بیروڕا
لە ماوەی 13 ساڵی رابردوودا، ئەزموونێك لەوبارەیەوە هەیە، هەر كاتێك كورد بە یەك دەرگادا چووبێتە بەغدا، قسەی خۆی هەبووە و لایەنە عێراقییەكانیش حیسابیان بۆ كردووە، ئەگەرچی هەموو ساڵێك، شەڕی گەورە لەسەر پرۆژە یاسای بوودجە كرابێت، بەغدا بە ئاسانی نەیتوانیوە ویستی خۆی بسەپێنێ، لێ كورد هیچ وەختێك وەك ئەم جارە، بە ئاسانی نەكەوتۆتە داوی ئەوانەی هەموو وزەی خۆیان بۆ دژایەتیكردنی كوردستان بەكار هێناوە.
بەدرێژایی ماوەی دوای رووخاندنی رژێمی بەعس، فڕوفێڵ و تەڵەكەبازیی بەغدا، زۆر باش وەدەركەوتووە، ئەمەش پێش چاو روونییەكی باش بووە، بۆ حزب و ئەو پەرلەمانتار و كەسانەی لە بەغدا كاریان كردووە، لایەنی بەغدا بە ئاسانی نیەتی خۆی ئاشكرا كردووە، كەچی هێشتا فراكسیۆن و پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا، دیلی حزبایەتی و برەودان بە ناكۆكین، زۆر پەلەش لەوە دەكەن، هەر جووڵەیەكیان كرد بە دەسكەوت پێشانی بدەن، لە راستیدا ئەو پەلە پەلییە، ئەوەندەی وەك كارتی گوشار، بەتایبەتیش بەرامبەر پارتی بەكاردەهێندرێ، ئەوەندە مەبەست لێی دەسكەوت نییە بۆ خەڵك، دەنا چەندی بە چەندی، ئاڵا تاڵەبانی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بڵێ " من دەنگم بە یاسای حەشدی شەعبی دا، بەڵام پەرلەمانتاری عەرەب هەبوو دەیگوت دەستی خۆم دەبڕم و ئامادەنیم كار بۆ بوودجەی پێشمەرگە بكەم".
لە كاتێكدا لە هەولێر، چوار پێشمەرگە لە لایەن ئاشتن كارتەری وەزیری بەرگریی ئەمەریكا، میدالیای ئازایەتیی ئەمەریكایان پێشكەش دەكرێت، كەچی لە بەغدا فێڵ لە كورد دەكرێت، 120 هەزار چەكداری حەشدی شەعبی لە بوودجە جێی دەكرێتەوە كە ساڵانە زیاتر ملیارێك دۆلار لەسەر حكوومەتی بەغدا دەكەوێت، بەڵام لە هەمان كاتدا، لێناگەڕێن پێشمەرگە وەك حەشد بوودجەی بۆ تەرخان بكرێت و لە دەقێكی لاستیكیدا ناوی دێنن، تا بە كەیفی خۆیان یاریی پێبكەن، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كورد یەك تیم نییە و هەندێ لایەن بە دەرگایەكی دیكەدا دەچنە بەغدا، بۆیە تا هەموولایەك، ئەو رێگەیەی بە هەولێردا تێدەپەڕێت بۆ بەغدا نەگرنە بەر، بەغدا هەر بەلاواز سەیری كوردستان دەكات، عاقیبەتی بەلاواز بینینی كوردستانیش لای هەمووان ئاشكرایە.