بۆ یادی دامەزراندنی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان

بۆ یادی دامەزراندنی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان
سەد ساڵی رابردووی بارودۆخی كوردستان و دابەشكردنی خاكەكەی دوور لەخواستی هاونیشتمانییانی، بوو بەهۆی دروستبوونی رەوتی بەرەنگاربوونەوە لەنێو گەلی كوردو لەدوای چەند قۆناغێكیش دامەزراندنی پارتی سیاسی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیركاری و داوای رزگاری، لەم چوارچێوەیەشدا پارتی دیموكراتی كوردستان، كە هەڵقوڵاوی ناخی كوردستانییان و داواكارییەكانیان بووە بە هەموو جیاوازییەكانەوە دامەزراو لە بەرگێكی نەتەوەیی و نیشتمانیدا بانگەوازی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤی كرد، بۆ ئەو مەبەستەش چەند رێكخراوێكی بۆ چین و توێژە جیاجیاكان دامەزراندو لەو چوارچێوەیەشدا لەسۆنگەی بایەخی بە پرسی ئافرەت بە رێنمایی باوكی رۆحی نەتەوەی كورد (بارزانیی نەمر) یەكێتی ئافرەتانی كوردستانی دامەزراند، كە ئەمڕۆ مۆمی شەست و چوار ساڵەی تەمەنی دادەگیرسێنێت.
ئەركی ئەم رێكخراوە لەسەرەتای دامەزراندنییەوە داكۆكیكردن بووە لە مافی ئافرەت و بەشداریكردنی بووە هاوتای پیاو لە شۆڕشی نەتەوەكەیدا، بە مەبەستی نەهێشتنی جیاكاری لە رۆڵی ئافرەت و پیاو، رەخساندنی دەرفەتی یەكسان لە بەردەمیاندا بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان. یەكێتی ئافرەتانی كوردستان وەك دێرینترین رێكخراوی ئافرەتان نەك تا ئێستا بەردەوامە لەخزمەت، بەڵكو لەئێستادا كارو چالاكییەكانی بە شێوەیەكی بەرچاو فراوان بووە، ئەمەش هۆكارە بۆ ئەوەی كە زۆرترین ژمارەی ئافرەت بە رێكخراوی متمانەپێكراوی خۆیانی بزانن.

یەكێتی ئافرەتانی كوردستان رێكخراوێكە هەمیشە پەیڕەوی لەبنەما دیموكراسییەكان كردووەو بەردەوام لە رێگەی كۆنگرە یەك لە دوای یەكەكانی گۆڕانكاری لەستافی كاری كردووە، هەمیشەش ستافی نوێ بە دیدی جیاواز درێژەیان بە كارو چالاكییەكان داوەو بە میكانیزمی نوێ كاریان كردووە بۆ بەرەوپێشبردنی پرسی ئافرەت و ئاراستەكردنی كارەكانی رێكخراوەكە بە شێوەیەك كە لەگەڵ داخوازییەكانی ئافرەت هاوتەریب بێت، چونكە لە ئەنجامی ئەو گۆڕانكارییانەی لەهەرێمی كوردستان روویانداوە، پرسی ئافرەتیش گۆڕانكاری بەسەردا هاتووەو داواكارییەكانی ئافرەت پێشكەوتنی بەخۆوە دیوەو چیدیكە داواكارییەكانی لە ئاستە سەرەتاییەكاندا نەماوە.
ئەم رێكخراوە دیلی هیچ ئایدیۆلۆژیایەك نییەو دیدو دنیابینی لەسەر ئایدیۆلۆژیایەكی دیاریكراو بونیاد نەنراوە، بەڵكو جێگەی هەموو جۆرە بیركردنەوەیەكە جگە لەبیری توندڕەوانە، بنەماكانی گشتگیرو فراوانەو جێگای لەخۆگرتنی جیاوازییەكانە، پێناسەی یەكێتی ئافرەتان بۆ ئافرەت خۆی دەبینێتەوە لەئازادبوونی ئافرەت لە هەڵبژاردنەكانی و سەرپشكبوونی لەچۆنیەتی ژیان بەبێ بەستنەوەی بە هیچ باكگراواندێكی ئایینی و هزری و نەتەوەیی.
پرسی ئافرەت لە روانگەی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان پرسێكی مرۆییەو دوورە لەهەر جیاكارییەك لە نێوان هەردوو رەگەز، لە دیدی یەكێتی ئافرەتانی كوردستانەوە كێشەی ئافرەت كێشەی پیاویشەو هۆكاری سەرەكی ناهاوتایی نێوان ئەم دوو رەگەزەش پرۆسەی پەروەردەو پێگەیاندنی كۆمەڵایەتی و دابونەریتە كۆمەڵایەتییەكانە، كە چەندین یاسای كۆمەڵایەتی نەنووسراو، بەڵام كارپێكراوو پیادەكراویان هێناوەتەئاراوە، كە بەهێزترن لەیاسا نووسراوەكان، هەربۆیە یەكێتی ئافرەتانی كوردستان خەباتی خۆی دژ بە پیاو ئاراستە ناكات، بەڵكو دژ بەو هزرە كۆمەڵایەتییە پیاوسالارە رێكدەخات، كە دەیەوێت ئافرەت وەك رەگەزی پاشكۆ و پیاو وەك رەگەزی باڵادەست بار بهێنێت.
لە لایەكی دیكەوە پێویستە ئاماژە بەوەش بكەم، كە یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بەهەمان ئاستی پرسی ئافرەت بایەخ بە پرسە نیشتمانییەكان دەدات، لە دیدی ئەم رێكخراوەدا بزوتنەوەی ئافرەتی كوردو بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوە هاوخەبات و هاوئاستەو ئافرەتی كورد هاوبەشی ئافرەتانی جیهانە لە ئافرەتبوونی و هاوبەشی نەتەوەكەشیەتی لەخەبات بۆ رزگاری و سەربەخۆیی و كاردەكات بۆ ئەوەی ئافرەت وەك كەسایەتییەكی هۆشیار بەشداری خەباتی سیاسی نەتەوەكەی بێت و، لەو خەباتەدا هەوڵی سڕینەوەو لەناوبردنی نۆرم و رۆڵە جێندەرییەكان بدات كە دەیەوێت رۆڵی ئافرەت سنووردار بكات. پێویستە ئافرەت رۆڵی تەواوی خۆی ببینێت و ئەوەش جێگیربێ، كە بەبێ ئازادیی ئافرەت نەتەوە ئازاد نابێ و ئافرەتیش ئەو كات ئازادە، كە نەتەوەكەی خاوەن سەروەری و سەربەخۆ بێت، هەر بۆیە یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بەهەموو تواناكانی پشتیوانی لەگوتاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێز (مسعود بارزانی) دەكات كە گوتاری سەربەخۆخوازی ومانیفێستی نیشتمانی و رێڕەوی خەباتی گەلی كوردستانە بەرەو سەربەخۆیی.
ئەمانەو چەندین هۆكاری ترو هەموو ئەو خزمەت و دەستكەوتانەی كە یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لەكاروانی خەباتی شەست و چوار ساڵەیدا بەدەستهێناوە، وادەكەن، كە هەردەم شانازی بە یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بكەین و خۆمان بە خۆشحاڵ بزانین كە دەرفەتی خزمەتكردنمان بەم رێكخراوە پێشەنگە پێبڕاوە، بەڵام پێویستە ئەوەش لەپێش چاو بگرین كە بۆ ئەوەی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لەئاست مێژووی پڕشكۆی و چاوەڕوانییەكانی ئافرەت و داخوازییەكانی سەردەم بێت، پێویستە هەموو كات لە پرۆسەی خۆنوێكردنەوەدا بێت و بە میكانیزمی تازەتر درێژە بە كارەكانی بدات، لە بەربەستەكانی بەردەم زیاتر گەشەسەندنی بكۆڵێتەوە، نوێگەرایی لە بەڕێوەبردن و میكانیزمی كاری رێكخراوەیی بكات، بەردەوام كادرانی خۆی رۆشنبیر بكات بە مافەكانی ئافرەت و پڕۆگرامی رێكخراو، بەو پێیەش هەمیشە پێشەنگ بمێنێتەوەو بە بێ جیاوازی رێكخراوی داكۆكیكارو دڵخوازی هەموو ئافرەتانی كوردستان بێت.

*سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان
Top