ده‌رده دڵێكی كوردانه
December 13, 2016
وتار و بیروڕا
هاوڕێیانی ئازیز لێرەدا بە پێویستی دەزانم منیش به چه‌ند دێڕێك له خواره‌وه ده‌ردی دڵی خۆم كه ده‌رده دڵێكی كوردانه‌یه لەلای ئێوەی هاوزمان و هاونیشتمان باس بكه‌م.
بەدیدی من لەو قوناغە هەستیارو پر قەیرانەی کە هەرێمی کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت كێشه‌كانی ناوخۆیی ئێمه بەتایبەت ناکۆکی پارتە سیاسیەکان له ئێستادا گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ن له‌سه‌ر ئاسایشی نیشتمانیمان و ئەگەری هەیە زه‌مینه خۆشكه‌ر بن بۆ زۆر جۆر له مه‌ترسی دیكه له داهاتوودا ، دڵنیا بن هەرگیز به‌وعه‌قڵیه‌ته سیاسیه، بەو کەلتووره‌ی یەکتر شکاندنە بەو کورتبینیە كه‌سی و حیزبیانەی هه‌موومان كێشه و گرفته نێو خۆییه‌كانمان چاره‌سه‌ر نابن .
هەتاوەکو هه‌ركه‌س و لایه‌نێك بیه‌وێت بەتەنها تاقه پاڵه‌وان و تاقه نیشتمانپه‌روه‌ر و تاقه به‌رگریكاری مافی گه‌ل بێت و خه‌ریكی شكاندنی لایه‌نیتر بێت، ده‌بێت ئه‌وه بزانین بارودۆخمان له‌وه‌ی ئێستا باشتر نابێت.
پێم وایه هه‌تا دروشمی یەکگرتن و یه‌كڕیزی سه‌رتاپای دڵ و ده‌روونمان پڕ نه‌كات و به كرده‌یی پەیڕەویی یەکگرتوویی نیشتیمانی نەکەین و دابه‌ش بوونی نێو خۆییمان له‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی ئێمه و ئه‌وان نه‌كه‌ین به یه‌كگرتنی هه‌موومان ناتوانین بگه‌ین به ئامانجە باڵاكانمان .
گه‌ر مه‌زنتر بیر بكه‌ینه‌وه ، رق و كینه‌ی كه‌سی و حزبی بگۆڕین بۆ خۆشه‌ویستی هاونیشتمانی و خوشك و برایه‌تی و پێكه‌وه كێشه نێو خۆییه‌كانمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین ، هه‌ر پێكه‌وه‌ش به‌ره‌نگاری دوژمن و نه‌یارانی گه‌له‌كه‌مان ببینه‌وه ، سه‌ركه‌وتنه‌كانمان بكه‌ین به سه‌ركه‌وتنی گشت كوردستانیان ، ده‌توانین به یه‌كگرتنی هه‌موومان سەربەخۆی بۆ كوردستانیش ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین.