کورد شەڕێکی تری لە پێشە و سلێمانیش چەندانی تر

کورد شەڕێکی تری لە پێشە و سلێمانیش چەندانی تر
کورد لە دوای شەڕی داعش شەڕی حەشدی شەعبی لە پێشە و ئەو شەڕەش لە زۆر ناوچە و بە تایبەتیش لەو ناوچانەی یەکیتی نیشتیمانی کوردستان لێیان باڵادەستە نیشانەکانی دەرکەوتوون, رووداوەکانی ناو دوزخورماتوو و دەوروبەری داقوق و قەرەتەپە و زۆر شوێنی تری کەرکوک گەواهیدەری ئەو بۆچوونەی سەرەوەن, بەڵام ئەوەی لە سلێمانی و دەگوزەرێ و ئەو ململانێ و رقەبەرایەتیەی حزبەکانی سلێمانی دەستیان داوەتێ ئەو شارە دووچاری زۆر نەهامەتی و شەڕی نەخوازراوی تر دەکەن, بۆ نموونە:
ئەو شەڕەی بزووتنەوەى گۆڕان و باڵێکی ناو یەکیتی نیشتیمانی کوردستان لە سلێمانی بە پارتی دیموکراتی کوردستانی دەفرۆشن, درێژ کراوەی ئەو شەڕەیە کە لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی رابردووەوە پیلانڕێژی بۆ کراوە و بە زۆر قۆناغدا گوزەری کردووە, ناوە ناوەش دوای متبوونیکی کاتی و لە بەرگی تر و سەنگەری تردا سەری هەڵداوەتەوە, جا ئەگەر پارتی لەو شەڕەدا سەرکەوتوو بێت, ئەوا سلێمانی دەکەوێتە ئارامی و لە کۆڵ ئەو زنجیرە شەڕانە دەبێتەوە کە بە سەرکەوتنی دوو لایەنەکەی تر بەرۆکی سلێمانی دەگرن, بەڵام ئەگەر گۆڕان و باڵەکەی ناو یەکێتی سەرکەوتوو بن, ئەوا دەبێ سلێمانی چاوەڕوانی ئەو زنجیرە شەڕەی خوارەوە بێت.
بە سەرکەوتنی گۆڕان و باڵەکەی ناو یەکێتی بەسەر پارتیدا سلێمانی دەبێتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان گۆڕان و یەکێتی, بە سەرکەوتنی گۆڕان و بەزینی یەکێتی شەڕی نێوان گۆڕان و ئیسلامیەکان دێتە ئاراوە, بە سەرکەوتنی ئیسلامیەکانیش نۆرەی شەڕی ناو لایەنە ئیسلامیەکان دێ, خۆ ئەگەر لە شەڕەکەی نێوان یەکێتی و بزووتنەوەى گۆڕان یەکێتی سەرکەوتوو بێت, ئەوا شەڕی دوو باڵەکەی ناو یەکێتی پەڕ و باڵی سلیمانی دەقرتێنن, لە شەڕی دوو باڵەکەی ناو یەکێتیش هەر باڵێکیان شەڕەکە بەرێتەوە, ئەوا شەڕی باڵە براوەکە و لایەنە ئیسلامیەکان سلیمانی دەکەنەوە مەیدانی شەڕ و ئیسلامیەکانیش ببرێنەوە دووبارە جەنگی مەغڵووبەی ناو لایەنە ئیسلامیەکان عەرشی سلێمانی دەهەژێنێ, ئەوە لە کاتێکدایە ئێران دەست نەخاتە ناو رووداوەکان و بۆ درێژەدان بە شەڕەکان لایەنی تر درووست نەکا و نوری مالیکیش خۆی بە دوور بگرێ, بۆیە پێویستە سلێمانییەکان وریاتر لە ئێستا بیر بکەنەوە و شارەکەیان لەو زنجیرە شەڕانە بە دوور بگرن و سنوورێک بۆ ئەو فەوزا و ئاشووبە دابنێن کە بەسەر شارەکەیان هێنراوە, چونکە ئەو لایەنانە باڵادەستی و بەرژەوەندی حزبی بە پیرۆزتر و گەورەتر دەزانن لە شارەکە, رووداوەکانی ئەم دواییەش ئەو راستییەی سەلماندووە کە ئەو لایەنانە بۆ دەرخستنی هێزی حزبی و پاراستنی بەرژەوەندی حزبەکانیان ئامادەن ئەوەندەی تر سلێمانی غەرقی فەوزا و ئاشووب بکەن.
Top