پەیوەندی کوردستان و ئەمەریکاو سەفەری كاك مەسرور بارزانی
December 12, 2016
وتار و بیروڕا
دوور لە ململانێ و ئەقلیەتی تەسكی حزبایەتی هەموو تاكێكی هاووڵاتی ئەم هەرێمە و لیست و حزبە سیاسیەكان ئاواتەخوازن بەڕێزیان سەركەوتوبن لەم سەفەرە و بتوانن ئاستی پەیوەندیەكان پتەوتر بكەن.
گرنگی ئەم سەفەرە لەم كاتە لەوەدایە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو گۆڕانكاری ناڕون دەڕوات و دوورنیە ڕووبەڕوبونەوە و توندوتیژی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت؟؟. هۆكارەكانی زیاتری ڕووبەڕوبونەوە و توندوتیژیەكان لەوەدایە.
1-كۆماری ئیسلامی ئێران خۆی پڕچەكتر دەكات و بەردەوام دەبێت لە دەست تێوەردان لەكاروباری ناوەوەی ووڵاتانی ناوچەكە( هۆكار و بیانوەكانی ئێرانیەكان لەدەست تێوەردانی ووڵاتان بەهێز نین تا چەندین ووڵات لێیان قەبوڵ كەن و دەبێت ئەو ڕاستیەش بزانین دەست تێوەردانەكانی ئێران گەیشتۆتە ئاستێك سەروەری ئەم ووڵاتانەی خستۆتە بەر پرسیار ئەمە جگە لەوەی بەرژەوەندی چەند ووڵاتێكی زل هێز كەوتۆتە ژێر مەترسی).
2-ووڵاتانی كەنداو(سعودیە،بەحرێن،یەمەن،ئیمارات،قەتەر..هتد) گەیشتونەتە ئەو قەناعەتەی ئێرانیەكان سنورێك بۆ دەست تێوەردانەكان دانانێن لەكاروباری ناوەوەی ووڵاتانی ناوچەكە بۆیە هەست بە مەترسی دەكەن لە داهاتوی خۆیان و هەر بۆیە؟
أ-سیاسەتی ڕووبەڕوبونەویان هەڵبژاردوە(بەحرێن- یەمەن) ئەمەش توندوتیژی زیاتری بەدواوەیە.
ب-لەم هەفتە ووڵاتانی كەنداو+مەغریب بە بەهای هەشت ملیار و سێ سەد ملیۆن دۆلار چەكیان لە ئەمریكا كڕیوە(یەك ملیار دۆلار و شتێك بەهای چەكی مەغریب بوە و ئەوەی تر بۆ ووڵاتانی كەنداو بوە.
3- ووڵاتی توركیا بێ هۆكاری بەهێز هاتۆتە ناو هاوكێشەكان و دوور نیە بەشداری ڕاستەوخۆی فعلی ئەم شەڕانە بكات.وەك هەموومان دەزانین ووڵاتی توركیا هێزێكی سەربازی گەورەی هەیە كە دووەم هێزی ناو ناتۆیە و پێنجەم بۆ شەشەم هێزە لەسەر ئاستی جیهانە.
4-ووڵاتی سوریا دوای ئەوەی بەهەر شێوەیەك بێت بەشێكی شەڕی شاری حەلەبی بۆ بەرژەوەندی خۆی یەكلایی كردوە(بەشار ئەسەد) هەست بە هێز و پێگەیەكی تر دەكات.لەم هەفتەیە(ئەسەدی كوڕ) هەڵساون بە هەڕەشەیەكی ناڕاستەوخۆ لە سەرۆك وەزیرانی لوبنان(ئەل حریری)بەوەی نابێت بێ سنور پەیوەندی لەگەڵ شانیشینی سعودی هەبێت .ئەگەر سوریا و بەشار بەم پێگە بێهێزەی ئێستای هەیانە هەوڵی هەڕەشەكردن بدەن، دەبێت بەیانی چ هەڵوێستێی بەرامبەر ئێمەش وەك هەرێمی كوردستان هەبێت؟؟.
5-لەناوەندی عێراقیش حكومەتێك هەیە زۆرینەی پێكهاتەكەی سەر بەئێرانیەكانن.بێ ئەوەی گوێ بە ڕێكەوتن و تەوافق بدەن هەر یاسایەكیان(یاسای حەشدی شەعبی) بوێت بە زۆرینەی دەنگی دیكتاتۆری بەڕێی دەكەن و دەیكەنە یاسا. پێكهاتەی سونە مەزهەبیش چەند بەشێكن و ئێرانیەكان دەیانەوێت مامەڵە لەگەڵ بێ هێزەكان بكەن.
ئێمەی میللەتی كوردیش دوایی 25 ساڵ لە حكومڕانی خۆمان بەشێكمای لەگەڵ بەشێكی لایەنێكی فاشی ئسلامی سیاسی تری بەغداد ڕێكەوتون.ڕاستە سەركەوتنی كاتی بەدەست دەهێنن بەڵام لەداهاتوێكی دوور پێگەی خۆیان و هەرێمی كوردستان دەخەنە ژێر پرسیارەوە.
لەكۆتایی - هەموو هاووڵاتیان و شەقامی كوردی و خەڵكی زیرەك و سیاسی چاوەڕێی ئەنجامی ئەو سەفەرەی بەڕێزیانن.هیوادارن بەهەوڵ و ماندوبونی بەڕێزیان پەیوەندی نێوان هەرێم و ئەمریكا پتەوتر بێت و زۆرترین سود لە ئیدارەی نوێی ئەمریكا وەرگرین.
ئەگەر ئێمە وەك هەرێمی كوردستان بەگشتی لەئاستی بارودۆخەكان بین ئەوا هەڵێكی زێڕینی مێژوویمان هاتۆتە پێش لەگەڵ ئەم ئیدارە.