نوری مالیکی لە بەسرەی عرووبە و سلێمانی کوردایەتی
December 12, 2016
وتار و بیروڕا
ئەرێ سلێمانی کوردایەتی! چی وەڵامی رابوونی بەردەرکی سەرا و ئەمنە سوورەکە دەیەوە؟ چی بە شێخی نەمر دەڵێی و چۆن ماچی رابوون بۆ بەردە قارەمان هەڵدەدەی؟ بە چ زمانێک نالی و سالم و کوردی دەدوێنی؟ چۆن دەچیتە گردی مامەیارە و گوێ لە ئاوازی ئەمڕؤژی ساڵی تازەی پیرەمێرد دەگری؟ ئەی چۆن سەیری پەنجەی بێکەسی شاعیر و سەرداخستنی (ئەدمونز) دەکەی؟
ئەرێ سلێمانی کوردایەتی ئاگات لێیە! دوای ئەو هەموو شانازیانە و دەیان شانازی تریش, هەندێ کەس و دەستە و گرووپ لە کۆشی کۆنەقیندا خەواندوویانی و وا خەریکە لە باوەشی بەغدای عرووبەدا گڕوگاڵی یەکپارچەیی خاکی عێراقی لێکهەوەشاوت پێبکەن.
سلێمانی کوردایەتی سەر هەڵبڕە! تۆی پێشەنگی کوردایەتی و تۆی خاوەنی ناسنامەی رابوون و زنجیر پسێنی کۆیلایەتی, وا خەریکە دەتکەنە پاشکۆی بەغدای عرووبە و شەڕی مێژووی سەروەرکانی خۆت پێدەکەن.