حزبی شه‌هیدان، شه‌هیده‌كانی له‌ بیر كردوون!

حزبی شه‌هیدان، شه‌هیده‌كانی له‌ بیر كردوون!
یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان خۆی به‌ حزبی شه‌هیدان ناو ده‌بات، كه‌سیش نكوولی له‌و راستییه‌ ناكات كه‌ یه‌كێتی نیشتیمانی یه‌كیك له‌و حزبه‌ كوردستانیانه‌یه‌ كه‌ له‌ دوای پارتی دیموكراتی كوردستان خاوه‌نی زۆرترین ساڵانی خه‌باتی چه‌كداری و شۆڕشگێڕییه‌، گومانیش له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ چ له‌ خه‌باتی شاخ و چ له‌ شه‌ڕی ئێستای داعش دووه‌م حزبه‌ كه‌ زۆرترین شه‌هیدی داوه‌ و هه‌قه‌ خۆی و هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانیش شانازی به‌و شه‌هیدانه‌ و هه‌موو شه‌هیدانی رێگای رزگاری كوردستانه‌وه‌ بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی نیگه‌رانی و جێگای پرسیاریشه‌ یه‌كێتی ئه‌و شه‌هیدانه‌ی له‌ بیر كردوون كه‌ هه‌م خۆی و هه‌م خه‌ڵكی كوردستان و هه‌م میژووی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردیش شانازیان پێوه‌ ده‌كات، ئه‌وه‌تا سروه‌ عه‌بدولواحیدی گۆڕانخواز و په‌رله‌مانتاری بزووتنه‌وه‌كه‌ی نه‌شیروان مسته‌فا به‌ جۆرێك سوكایه‌تی به‌ نه‌مری و خوێنی شه‌هیدانه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ تا ئێستا هیچ كامێك له‌ دوژمنه‌كانی كورد جورئه‌تی ئه‌وه‌یان نه‌كردووه‌ وه‌ك سروه‌ی هه‌ڵگری فه‌رهه‌نگی سیاسی نه‌وشیروان مسته‌فا سوكایه‌تیان پێبكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای پرسیاره‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، یان وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن: حزبی شه‌هیدان له‌ ئاست ئه‌و سووكایه‌تیه‌ی سروه‌ به‌ هاوسه‌ر و كه‌سوكاری به‌ شه‌هیدانی كوردستانی ده‌كات بێده‌نگه‌، ئه‌و بێده‌نگیه‌ی یه‌كێتی له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ شه‌هیده‌كانی خۆی به‌شێكن له‌و شه‌هیدانه‌ی سروه‌ له‌ كه‌ناڵێكی عه‌ره‌بی و به‌ زمانی عه‌ره‌بی سووكایه‌تی پێكردوون، هاوسه‌ر و كه‌سوكاری شه‌هیده‌كانیش ئه‌ندام و كادیر و به‌رپرسی باڵای ئه‌و حزبه‌ن.
ئێستا سروه‌ هێڵه‌ سووره‌كانی به‌رده‌م به‌ها و پیرۆزیه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كانی به‌زاندوون، به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌ سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان كه‌وتۆته‌ سه‌نگه‌ری دژایه‌تی كردنی خوێنی شه‌هیدان و په‌لاماردانی كه‌سایه‌تی و بریندا كردنی هه‌ستی پڕ له‌ ناسۆر و خه‌می هاوسه‌ر و كه‌سوكاریان، چونكه‌ ئه‌وه‌ی شه‌هیدان بۆ هاوسه‌ر و كه‌سوكار و خه‌ڵكی كوردپه‌روه‌ر و مێژووی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی خه‌ڵكی كوردستانیان جێهێشتووه،‌ شانازییه‌كی نه‌بڕاوه‌ و ناسۆر و خه‌می لێكدابڕانی هه‌تا هه‌تاییه‌، بۆیه‌ بێده‌نگی هه‌ركه‌س و ده‌سته‌ و گرووپێك به‌ هه‌ر هۆكارێكه‌وه‌ بێت چوونه‌ پاڵ سه‌نگه‌ری سروه‌یه‌ و به‌شدار بوونه‌ له‌و تۆمه‌تانه‌ی سروه‌ به‌ مه‌به‌ستی ناوزڕاندن و له‌كه‌دار كردن بۆ هاوسه‌ر و كوسوكاری شه‌هیدان و هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانی هه‌ڵده‌به‌ستێ، جا ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن و هاوپه‌یمانێتی ئێستای نێوان یه‌كێتی و بزووتنه‌وه‌كه‌ی سروه‌ عه‌بدولواحید بیانووی بێده‌نگی یه‌كێتی بێ، ئه‌وا كاراستێكه‌ و به‌سه‌ر خوێن و قوربانیدانی شه‌هید و پێشمه‌رگه و سه‌روه‌ریه‌كانی مێژوو ده‌هێنرێ،‌ چونكه پاراستنی به‌ها پیرۆزه‌‌كانی شه‌هیدان و وه‌فداری بۆ ئامانجه‌كانیان و پاراستنی سه‌روه‌ریه‌كانی، مێژوو، ئه‌ركی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانین و له‌ سه‌روی هه‌موو جۆره‌ رێككه‌وتن و هاوپه‌مانێتی حزبین و به‌ هیچ جۆرێك نابێ بخرێنه‌ ناو هه‌ڕاجخانه‌ی ململانێ سیاسیه‌كان و موزایه‌ده‌یان پێوه‌ بكرێ. ‌
Top