ورده‌ به‌ردی نه‌نكم و پرۆژه‌ی بودجه‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان

ورده‌ به‌ردی نه‌نكم و پرۆژه‌ی بودجه‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان
نه‌نكم هه‌موو ساڵێك له‌ یه‌كه‌م رۆژی ره‌مه‌زانه‌وه‌ هه‌موو به‌ربانگان ورده‌ به‌ردێكی ده‌خسته‌ ناو قتوویه‌كه‌وه‌، من ئه‌و كات منداڵ بووم رۆژێك ده‌ستم خسته‌ ناو قوتووه‌كه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌و ورده‌ به‌ردانه‌م ده‌رهێنان كه‌ نه‌نكم خستبوونیه‌ ناوی، كاتێ گه‌یشتینه كۆتاكانی مانگی ره‌مه‌زان و باس له‌وه‌ ده‌كرا كه‌ی جه‌ژنه‌، نه‌نكم قوتووه‌كه‌ی هێنا و ورده‌ به‌رده‌كانی خستنه‌ ناو كۆشی و كه‌وته‌ ئه‌ژمار كردنیان، ئه‌وه‌ یه‌ك، ئه‌وه‌ دوو، ئه‌وه‌ سێ تا گه‌یشته‌ ده‌،‌ دوای ده‌ستی پێكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌ و یه‌ك، ئه‌وه‌ ده‌ و دوو، ئه‌وه‌ ده‌ و سێ تا گه‌یشته‌ بیست، دوایی رووی تێكردین و گوتی: كوڕم ئه‌مشه‌و له‌ بیست و یه‌كی ره‌مه‌زان هه‌ڵده‌ستینه‌وه‌، ئێمه‌ش گوتمان: نه‌نه‌ گیان ئه‌گه‌ر مانگ بیست و نۆیی بێ، ئه‌وا دوو سبه‌ی جه‌ژنه‌، ئه‌گه‌ر سی پڕیش بێت، ئه‌وا سێ سبه‌ی جه‌ژنه‌، چه‌ندی له‌گه‌لمان كرد هه‌ر قسه‌ی خۆی ده‌بیست و ده‌یگوت: به‌ حیسابی من بێ نۆ رۆژمان ماون بۆ جه‌ژن، دیاره‌ من نۆ به‌ردم له‌ قوتووه‌كه‌ ده‌رهینابوون، ئه‌وه‌ لای نه‌كم بوو به‌ كه‌سه‌ر و تا مردیش هه‌ر ده‌یگوت: كافره‌ستانییه‌ و فڵان ساڵه‌ی نۆ رۆژوومان لێ خواردن.
حكومه‌تی هه‌رێم تۆش پشكی كورد له‌ بودجه‌ی ساڵی 2017ی عێراق چۆن لێكده‌ده‌یه‌وه‌ و چۆن به‌ ژماره‌ و داتا ده‌یسه‌لمێنی كه‌ په‌سند كردنی بودجه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی به‌غدایه‌ و به‌ زیانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌شكێته‌وه‌، كه‌یفی خۆته‌ و فراكسیۆنه‌كانی یه‌كیتی و گۆڕان و كۆمه‌ڵ وه‌ك نه‌نكم له‌ قوتووی سیاسی خۆیانه‌وه‌ لێكدانه‌وه‌ بۆ پشكی كورد ده‌كه‌ن و هه‌ر ده‌ڵێن: پشكی حكومه‌تی هه‌رێم و مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی كوردستانمان له‌ بودجه‌ی 2017ی عیراق جیگیر كرد، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌ نه‌بوو داهاتی نه‌وتی كوردستان راده‌ستی به‌غدا بكات.
Top