بەغدا دەمێكە پەیامەكەی وەرگرتووە

بەغدا دەمێكە پەیامەكەی وەرگرتووە
بەغدا، لەبەرئەوەی هەندێ بڕگە و ماددەی دەستوور لە بەرژەوەندیی كورد دەبینێ، بۆیە پشتی تێدەكات، ساڵانەش لەكاتی دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بوودجە، چۆنی بوێت وای لێدەكات، لای هەمووانیش ئاشكرایە، بەغدا بریتییە لە هاوپەیمانی نیشتمانیی لایەنەكانی شیعە، شەڕی كورد لە بەغدا لەسەر دەنگدان بە پڕۆژە یاسای بوودجە، لەسەردەمی یەكگرتوویی هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، شەڕێكی سەخت بوو، ئەی لە وەرزی پەرش و بڵاوی ئەو لایەنانە چۆن دەبێت؟
كاتێ لایەنە سیاسییەكان یەكهەڵوێست بوون، بەغدا مشتومڕ و دەنگدان لەسەر بوودجەی زۆر درێژ دەكردەوە، ساڵ هەبووە چەند مانگێك رەت دەبوو، هێشتا دەنگ لەسەر بوودجە نەدەدرا، ئەمەش بۆ ئەوەبوو، بەدوای میكانیزم و دەرفەتی نوێدا بگەڕێن، نەهێڵن پێشمەرگە بەهایەكی یاسایی بدرێتێ و لە بوودجەدا حیسابی بۆ بكرێ، بەڵام ئێستا زۆر بەخێرایی تێیدەپەڕێنن، چونكە دەزانن كورد ئامادەنییە، ئەوان لە یەكهەڵوێستیی لایەنە كوردییەكان، گورزی خۆیان دەوەشاند، ئەی لەم دۆخەی ئێستا چیمان پێدەكەن؟ بەغدا پەیامی لایەنە سیاسییەكان باش دەخوێنێتەوە، بۆیە بۆ یەكهەڵوێستی و پەرش و بڵاویی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، ئامادەیی هەیە و لە هەردوو حاڵەتدا پلانی خۆی هەیە، لەو سۆنگەیەشەوە بەغدایان بۆ دەكاتە ژینگەیەكی لەباری برەودان بە ناكۆكی.
بەغدا لایەنێكی ناكۆكییە لەگەڵ هەرێمی كوردستان، كەچی حزبی كوردی، بەغدا بە دادوەر دادەنێ و بۆ گوشار دروستكردن، دۆسییەكانی هەرێمی پێ دەگەیەنێت، ئەوەی لە بوودجەی 2017 تێپەڕێندرا، زادەی ناكۆكییەكانی كوردستان بوو، چەندین جار گوێمان لە پەرلەمانتارانی گۆڕان بووە كە دەیانگووت داواكاریمان بەهەند وەرنەگیرێ، بە بەغدای رادەگەیەنین، بەغداش كە دادوەر نییە بەڵكو لایەنێكی ناكۆكییە لەگەڵ هەرێم، لە بەرژەوەندیی خۆی وەبەریاندەهێنێ.
هاوپەیمانی شیعە، هێشتا پڕۆژە تائیفییەكەی بۆ قۆناغی دوای داعش نەداوەتە كورد و سوننە، وا خەریكە وردە وردە، كاریان لەسەر دەكات، بە حیساب لەگەڵ كورد و سوننە لاپەڕەی نوێ دەكاتەوە، كەچی جێی حەشدی شەعبی لە بوودجەی 2017 دا دەكاتەوە، لە ئێستاوە كۆسپ دەخاتە بەردەم پڕۆژەی پێشنیازكراوی راپۆرتی ئۆلبرایت – هادلی كە باس لە سوپایەكی نیشتمانی لە عێراق دەكەن، ئەمەریكاییەكان داوا لە لایەنەكانی كوردستان دەكەن یەكبن، عەرەب بەتایبەتیش هاوپەیمانی شیعە دەكەونە جووڵە، بۆ دۆزینەوەی میكانیزمی بەرەنگاربوونەوە.
پەرلەمانتارانی گۆڕان و یەكێتی پەلەیانە، دەڵێن ئەوە دەسكەوتە بۆ خەڵكی هەژار و پێشمەرگە، هەمووشتێك تەواوە لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان ماوەتەوە، دەبێ نەوت بنێرێ بۆ ئەوەی مووچە بدرێت، تەنانەت مووچەی پێشمەرگەش هەر بەنەوت دەبەستنەوە، بەپێی ئەزموون، بەغدا بڕیاری داوە ئەو ئەجندایە جێبەجێ بكات، بۆئەوەی كوردستان لە رووی ئابوورییەوە هەڵنەستێتەوە، بۆیە با هیچ لایەنێكی سیاسی دڵی خۆی خۆش نەكات كە گۆڵی لە لایەنێكی تر كردووە، ئەوە بەغدایە لایەنەكان فریو دەدات و گۆڵ لە كوردستان دەكات.
Top