نامه‌یه‌كی كراوه بۆ كاك نێچیرڤان بارزانی و چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامیشم
December 7, 2016
وتار و بیروڕا
سڵاو و رێز و حورمه‌ت
دوای سڵاو و رێز.. كاك نێچیرڤان جه‌نابت وه‌ك كوڕی كاك ئیدریسی ئه‌ندازیاری ئاشتی و پیاوه هه‌ڵكه‌وته سیاسییكه‌ی كورد و كوردپه‌روه‌ره‌كه‌ی كوردستان، ئێستا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی، كاك قوباد تاڵه‌بانیش كوڕی جه‌نابی مام جه‌لاله و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ته، وه‌ك من ئاگادارم باوكی ره‌حمه‌تیت و باوكی كاك قوباد زۆر یاده‌وه‌ری تاڵ و شیرنیان به یه‌كه‌وه هه‌یه، دڵنیام ئێوه‌ش له ماوه‌ی كاركردندا زۆر یاده‌وه‌ریتان به یه‌كه‌وه هه‌یه و له‌وه‌ش دڵنیام زۆر جارانیش باسی یاده‌وه‌ریه‌كانی كاك ئیدریس و مام جه‌لالیشتان كردووه.
گومان له‌وه‌دا نییه كاك قوباد وه‌ك كوڕی مام جه‌لال و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و كاندیدی بڕوا پێكراوی یه‌كیتی له‌ناو حكومه‌ت، له هه‌موو بڕیاره‌كانی حكومه‌ت به‌شداره و ئاگاداری ورد و درشت و چاك و خراپی بڕیاره‌كانیشه و تا ئێستاش نه‌ك له سیاسه‌تی حكومه‌ت ناڕازی نه‌بووه، به‌ڵكو زۆریش رازییه و ته‌نانه‌ت ورده گله‌ییشی نین، كه‌چی حزبه‌كه‌ی له كوردستان و له به‌غداش شمشێری سیاسی له حكومه‌ت هه‌ڵكێشاوه و به راست و چه‌پدا په‌لاماری ده‌دات.
ئه‌وه‌تا حزبه‌كه‌ی كاك قوبادی كوڕی مام جه‌لال و جێگری جه‌نابتان له به‌غدا به ئاشكرا له‌گه‌ڵ دوژمنه سه‌رسه‌خته‌كانی كورد و حكومه‌تی هه‌رێم ده‌چێته جێژوانی هاوپه‌یمانێتی سیاسییه‌وه، له كوردستانیش باس له ناشه‌فافی سیاسه‌تی نه‌وتی حكومه‌ت ده‌كا و خۆیان گوته‌نی له سلێمانی ده‌چنه به‌ره‌ی خڵك و له هه‌ولێریش حكومه‌ت و كاك قوباد ده‌خه‌نه به‌ره‌ی دژه خه‌ڵك.
كاك نێچیرڤان.. دڵنیام جه‌نابت وه‌ك كوڕی كاك ئیدریس و وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌ت چ له دانیشتنی دوو قۆڵی یان له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، به پێكه‌نینه‌وه پرسیاری ئه‌و شمشێر هه‌ڵكێشان و سیاسه‌ته دوو فاقیه‌ی یه‌كێتیت له كاك قوبادی جێگرت كردووه و پێتگوتووه: كاكه قوباد خۆت ئاگاداری هه‌موو بڕیاره‌كانی حكومه‌ت و هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانه‌كانی، ئه‌ی حزبه‌كه‌ت بۆ وا ده‌كا و ئه‌و شه‌ڕه چییه كه به‌ر له‌وه‌ی به منی بفرۆشێ به تۆی ده‌فرۆشێ!
كاك نێچیرڤان.. ده‌زانی هه‌موو خه‌ڵك خوازیاری ئه‌وه‌یه وه‌ڵامی كاك قوباد بزانێ، من وه‌ك خۆم هیچ داواكاریه‌كم له به‌ڕێزتان نییه، به‌ڵام نایشارمه‌وه خۆزگه‌م ئه‌وه‌یه بزانم وه‌ڵامی كاكه قوباد چی بووه و خۆزگه جه‌نابت ئه‌و خۆزگه‌یه‌ت ده‌هێنامه‌دی!
سوپاس بۆ هه‌ر كه‌سێك ئه‌م نامه‌یه ده‌گه‌یه‌نێ و وه‌ڵامه‌كه‌م بۆ دێنێته‌وه.
سووره مه‌رگه‌یی
6 / 12 / 2016
10:27 ص
إنهاء الدردشة