به‌ره‌یه‌ك له‌ خیانه‌ت دایه‌

به‌ره‌یه‌ك له‌ خیانه‌ت دایه‌
فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان له‌ به‌غدا بێ گوێدانه‌ هه‌ستیاری قۆناغه‌كه‌ و ئه‌و مه‌ترسییه‌ فره‌ ره‌هه‌ندانه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كانی ئێستا و خواسه‌كانی داهاتوو هه‌یه‌ بوونه‌ دوو به‌ره‌ی دژ به‌یه‌ك، به‌ره‌یه‌كیان حه‌شدی شه‌عبی كه‌ به‌ دیوه‌ شیعه‌گه‌راییه‌كه‌دا بۆ كورد داعشی داهاتووه‌ به‌ یاسایی ده‌كات، هه‌مان به‌ره‌ وه‌ك نۆ هه‌نگی له‌ دارێكدا دۆزیبێته‌وه‌ ئاهه‌نگ ده‌گێڕێ گوایه‌ پشكی كوردی له‌ میزانیه‌ی ساڵی 2017 جێگیر كردووه‌، بۆ پابه‌ند نه‌بوونی هه‌ر كامێك له‌ هه‌ولێر و به‌غدا به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ به‌ دادگای فیدراڵی ده‌كات، ئه‌وه‌ له‌ كاتیكدایه‌ سێ ساڵه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی بودحه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بڕاوه‌ و ئه‌و به‌ره‌یه‌ و دادگای فیدراڵی هیچیان نه‌كردووه‌، به‌ره‌كه‌ی تریش دژی به‌ یاسایی كردنی حه‌شدی شه‌عبی وه‌ستایه‌وه‌ و له‌سه‌ر تێپه‌ڕاندنی بودجه‌ی 2017و پشكی كوردیش پێیوایه‌ غه‌در له‌ خه‌ڵكی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ كراوه‌، به‌ڕاستی من هیچ له‌ بودجه‌ و موازه‌نه‌ نازانم، به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌یزانم ئه‌وه‌ی به‌ ناوی بودجه‌وه‌ رووده‌دات شه‌ڕی سیاسییه‌ و عه‌ره‌ب له‌گه‌ڵ كوردی ده‌كات. ئه‌وه‌ش ده‌زانم یه‌كێك له‌ دوو به‌ره‌ كوردیه‌كه‌ له‌ سه‌نگه‌ری خیانه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی دایه‌، چونكه‌ هه‌ر دابه‌ش بوونێكی كوردی له‌ به‌غدا زیانی بۆ كورده‌ و خێری بۆ عه‌ره‌به‌ و یه‌كێك له‌ لایه‌نه‌كان ده‌خاته‌ سه‌نگه‌ری خیانه‌ته‌وه‌، جا ئه‌گه‌ر به‌ره‌ی چه‌سپێنه‌ری حه‌شدی شه‌عبی توانی مافه‌ داراییه‌ زه‌وتكراوه‌كانی كورد بگێڕێته‌وه‌، ئه‌وا سه‌نگه‌ری خیانه‌ت به‌شی به‌ره‌ی دژه‌ حه‌شدی شه‌عبی ده‌بێ، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ره‌ی حه‌شدی شه‌عبی ئۆباڵی دوژمنكاری و كورد كوژیه‌كانی داهاتووی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، جا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ نوری مالیكی بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و بودجه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی وه‌ك چه‌كێك و به‌ مه‌به‌ستی لێسه‌ندنه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كان و سنوور دانان له‌به‌رده‌م گه‌یشتن به‌ دوا خواستی نه‌ته‌وه‌یی دژ به‌ كورد به‌كارهێنا، تۆ بڵێی شیعه‌ ده‌ستبه‌رداری ئه‌و چه‌كه‌ ببێ و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و بودجه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بنێرێ؟! ئه‌وه‌ پرسیارێكه‌ و له‌ هه‌ر كه‌سێك بپرسی وه‌ڵامت ده‌داته‌وه‌، به‌ڵام با چاوه‌ڕوان بین و داهاتوو وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌ و یه‌كێك له‌ دوو به‌ره‌ كوردیه‌كه‌ ده‌خاته‌ سه‌نگه‌ری خیانه‌ت و سه‌نگه‌ری كوردایه‌تی و نیشتیمانپه‌روه‌ریش بۆ به‌ره‌كه‌ی تر ده‌مێنێته‌وه‌.
Top