بایكۆت بۆ خۆیان و ژاوه‌ژاوی سه‌ر شه‌قام بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان

بایكۆت بۆ خۆیان و ژاوه‌ژاوی سه‌ر شه‌قام بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان
ئه‌گه‌ر به‌ یاسای ئه‌رك و ماف بچینه‌ ناو باسه‌كه‌مان و بایكۆتی مامۆستایان بده‌ینه‌ به‌ر نه‌شته‌ری ئه‌و یاسایه‌ زۆر راستی شاراوه‌ ده‌رده‌كه‌ون، مامۆستایان ئه‌ركێكیان له‌سه‌ر شانه‌ و له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدانی ئه‌و ئه‌ركه‌ش مافیان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر حكومه‌ت، حكومه‌تیش به‌ هۆی قه‌یرانی دارایی و شه‌ڕی داعش و بڕینی به‌شه‌ بودجه‌ی كوردستان له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌، له‌ ئێستادا ناتوانێ وه‌ك پێویست مافی مامۆستایان دابین بكات، له‌ به‌رامبه‌ردا مامۆستایانی زۆنی سه‌وز و نیلی بایكۆتی هۆڵه‌كانی خویندنیان كردووه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ ده‌یان هه‌زار له‌ كوڕ و كچی نه‌وه‌كانی دواڕۆژیان له‌ خوێندن بێبه‌ش كردووه‌، به‌وه‌ش له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌كه‌یان دوور كه‌وتوونه‌وه‌ و به‌و دوور كه‌وتنه‌وه‌یه‌ش مافه‌كانی خۆیان خستوونه‌ ژێر پرسیار، جا ئه‌گه‌ر بایكۆت و ئه‌نجام نه‌دانی ئه‌ركه‌كه‌یان بۆ مافه‌كانیان بێت، ده‌پرسین ئه‌و خۆپیشاندان و ژاوه‌ژاوه‌ی سه‌ر شه‌قامیان بۆ چییه‌؟
دیاره‌ خۆپیشاندان و ژاوه‌ژاوی سه‌ر شه‌قام و رێگا گرتن له‌ هاوڵاتیان و هاواری عه‌بادی عه‌بادی له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاسای ئه‌رك و مافه‌ و ده‌چێته‌ خانه‌ی یاسا سیاسییه‌كان و ململانێی حزبی، ئه‌وه‌ی له‌ خۆپیشاندانه‌كان و ژاوه‌ژاوی سه‌ر شه‌قامیش ده‌یبینین و ده‌یبیستین: ئه‌وانه‌ی پێشقه‌تاری خۆپیشاندانه‌كان ده‌كه‌ن زۆریان هه‌ڵسووڕاوه‌ زۆر دیاره‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانن، ئه‌وانه‌ش كه‌ زۆر ژاوه‌ژاو ده‌كه‌ن و عه‌بادی به‌ فریادڕه‌س ده‌زانن دووباره‌ هه‌ڵسووڕاوه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانن و پێده‌چێ بۆ خولی داهاتووی په‌رله‌مانیش كاندید بكرێن، هاوكات بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی سه‌ره‌ڕۆ و نه‌بیست و خودی رێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌كه‌ش وه‌ك سیاسییه‌كی هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆنه‌قین و خواستی تۆڵه‌ كردنه‌وه، ‌بردنه‌وه‌ی سلێمانییان بۆ باوه‌شی به‌غدای خستۆته‌ پێشینه‌ی كاره‌كانیان، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بایكۆت و نه‌چوونه‌ هۆڵه‌كانی خوێندن بچێته‌ خانه‌ی یاسای ئه‌رك و ماف، ئه‌وا بایكۆت و نه‌چوونه‌ هؤڵه‌كانی خوێندن بۆ خۆیانه‌، به‌ڵام خۆپیشاندان و ژاوه‌ژاوی سه‌ر شه‌قام و هاواری عه‌بادی عه‌بادی له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاسای ئه‌رك و مافه‌ و ده‌چێته‌ خانه‌ی یاسا سیاسییه‌كان و ململانێی حزبی و ئه‌و شه‌ڕه‌ شاراوه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌یان ساڵه‌ به‌ یه‌كهه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی و كۆده‌نگی نیشتیمانی كوردی ده‌فرۆشێ، كه‌واته‌ خۆپیشاندان و ژاوه‌ژاوه‌كه‌ی سه‌ر شه‌قامیان بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌.
Top