با ئیتر كوردایەتی و سەربەخۆیی پێش موزایدەسیاسی و حزبایەتی بێت

با ئیتر كوردایەتی و سەربەخۆیی پێش موزایدەسیاسی و حزبایەتی بێت
گشت هەوڵ و تێكۆشانەكانی سەرۆك بارزانی، چ لە سەر ئاستی ناوچەكە و نێودەوڵەتییە بۆ ئەوەیە كە میللەتی كورد لە بێ دەوڵەتیی و ژێر دەستی رزگار بكات ، بۆ ئەوەی هیچی تررووبەرووی مەترسیی ئەنفاڵ ،كیمیا باران ، چەكی ئابووری و چەوشانەوە دەبینەوە .بیركردنەوە و تێروانینی سەرۆك مسعود بارزانی، بەردەوامی هەمان رێبازی بارزانی نەمرە كە كوردانە و نەتەوەیی بوو ، بەكردەوەش ئەوە سەڵمێندرا ..یركردنەوەی سەرەكیی بارزانی-ی نەمر تەنیا بیركردنەوە بوو لەوەی كە چۆن هەموو كورد و كوردستانییەكان پێكەوە بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی خەبات بكەن بۆ ئەوەی كورد ببێتە خاوەنی كیانی خۆی و بە مافەكانی خۆی بگات، ئەم بیركردنەوەیەشی تەنیا بۆ باشوری كوردستان نەبوو، بەڵكو بۆ هەر چوارپارچەی كوردستان بوو، لەگەڵ كەسایەتی و سەرۆك هۆزەكانی هەر چوار پارچەی كوردستانیش پێوەندی هەبوو، ئەمەش مانای ئەوەیە چەمكی حزب لای مستەفا بارزانی بەو جۆرە نەبووە كە حزبێك دابمەزرێت و ئەم حزبە ئایدیۆلۆژیەتێكی دیاریكراو بەسەر خەڵكدا فەرز بكات، یان ئەوەی حزبەكان پێی دەڵێن تەسقیفی خەڵك بكەن بۆ ئەوەی خەڵك هان بدەن بۆ ئەوەی پێوەندی بە حزبەكەوە بكەن، نەخێر، لە بیركردنەوەی مستەفا بارزانی- دا، ئەمە تەواو پێچەوانەیە، لەبەر ئەوەی چەمكی حزب لای جەنابی بارزانی بەوجۆرە بوو، چۆن حزب بتوانێت رایەڵەیەكی بەهێز لە نێوان سەرجەم بیروبۆچوونە جیاوازەكان و پارچەكانی دیكەی كوردستان و سەرجەم كەسایەتی و سەرۆك هۆزەكانی كوردستان دروست بكات، هاوكات لەگەڵ ئەوەدا بوو تایبەتمەندی هەر پارچەیەكی كوردستان وەك خۆی بپارێزرێت. لێرەدا جێگەی خۆیەتی بۆ نەوەكانی ئێستا ئاماژە بەوە بكەم، بۆچوونی بارزانی بۆ شۆڕش و حزب بەو جۆرە بوو، كاتێك كورد شۆڕش دەكات، پێویستە حزبێكی هەبێت و ئیدارەی ئەو شۆڕشە بەڕێوە بەرێت و جۆرێك لە رێكخستن و ئیدارەیەكی سەركەتوو بۆ ئاراستەكردنی شۆڕش و بەڕێوەبردنی ناوچە ئازادكراوەكان دروست بكات، ئەمەش بەو مانایەی لای مستەفا بارزانی، حزب ئامرازێكی پێویست بووە بۆ ئەركی خۆی كە رێكخستن و بەڕێوەبردنی شۆڕش بووە، نەك حزب ئامانجێك بێت ...

سەرۆك بارزانی لە رێبەرایەتیكردنی بۆ ئەم پرۆسەیە ئامانجی ئەوەیە ئەم پرۆسەیە، پرۆسەی تەواوی خەڵكی كوردستان و هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان بێت، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش ئەوە چەندین جارە داوا لە حزبە سیاسییەكانی كوردستان دەكات بۆ زەمینەسازكردن و ئامادەباشی بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی هەموویان كۆببنەوە و ببنە بەشێك لەم پرۆسەیە و بڕیار بدەن بۆ ئەوەی گەلی كوردستان لە راپرسییەكی فراواندا چارەنووسی خۆی دیاری بكات، بەڵام لایەنێكی سیاسی خۆی نەیەوێت ببێتە بەشێك لە پرۆسەی سەربەخۆیی و شان نەداتە بەر ئەم بەرپرسیاریەتییە، ئەوا بێگومان پرۆژەكە لەسەر ئەو لایەنە راناگیرێت و بەردەوام دەبێت. سەبارەت بە دەوڵەتانی ئیقلیمیش كە دەیانەوێت وای پیشانبدەن دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان مەترسی لە سەر سەقامگیری و ئاسایشی ئەوان دروست دەكات، لەبەر ئەوەی ئەوانیش بەشێك لە كوردستانیان داگیركردووە، بەڵام ئەزموونی 25 ساڵی رابردووی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی سەلماندووە، كە هەرێمی كوردستان نەك مەترسی نییە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری وڵاتانی دراوسێی، بەڵكو هۆكارێكی گرنگە بۆ دروستبوونی پێوەندیی هاوبەش و رێزگرتنی دراوسێیەتییەكی باش و ئێمەش تەفەهومی تایبەتمەندی كوردی پارچەكانی دیكە دەكەین بەردەوام رامان وابووە بەشێوەی ئاشتی و دیالۆگ كێشەكانیان چارەسەر بكەن.

كورد بە درێژایی مێژوو و خەباتی قوربانیی خۆی قوربانیی بەخشیووە بۆ ئەوەی لە چەنگ داگیركاری رزگاری بێت .ئیستادا كورد پێگەیەكی گرنگ و بەرچاوی هەیە لە رووبوونەوەی گەورەترین دەوڵەتی تیرۆریستی وەك داعش، و رۆڵی كورد لە پێكەوە ژیان و تەبایی پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق، ئاخو كورد هەمان سەنگی دەمێنیت؟ یا بەو شێوازەی كورد خۆی پیناسە دەكات، یا ئەوەتا رێككەوتنێكی دیكەی وەك سایكس- پیكۆ چاوەروانی دەكات، دەكرێت بڵێین ئەو رێككەوتنە دوور لە ئاگاداری كورد ئەنجام درا، بەڵام بارودۆخی ئەمرۆ جیاوازە، كورد تێگەڵاوی لەگەڵ سیاسەت و بۆ چوونە جیهانییەكان هەیە و دۆزەكەشی بۆتە بابەتێكی جیهانی و بوونی لە زۆر ناوەندەكانی بریاری جیهانی دا هەیە. یەك ریزی و یەك هەڵوێستی ناوخۆی كورد بەتایبەتی لە پرسە نەتەوەییەكان و گەیاندنی كورد بە كەناری ئارامی، و بێگومان بوونی ئەم تەبایی و یەك رێزییەی نێو مالی كورد دەبێتە هۆكاری سەرەكی پشتیوانی وڵاتانی دیكە، و دەبێت پەند لە مێژوو وەربگرین بۆ ئەوەی مێژوو دووبارە نەبیتەوە، و هێلكەكان لەنێو یەك سەبەتە دانەنیین و دەبێت كورد بە بابەتیانە و ژیرانە سوود لەم دەرفەتەی گۆرانكاری بكات. سەرۆك بەوپەڕی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و مێژووی و ئەخلاقییەوە لە ئاست ئێستا و ئایندەی كورد، داوا دەكات حزبە كوردستانیەكان بگەنە رێككەوتن و سەرۆكایەتیەكی نۆێ بۆ حكومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم دەست نیشان بكەن وە ئامادەی خۆشی دەربریوە بۆ هەموو هاوكاریەك. سەرۆك لە پەیامەكەیدا بەروونی و بەراستگۆیی دەفەرموێ: ئەگەر كێشە منم فەرمون رێككەون من ئامادەم ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆم تەسلیم بەو كەسە بكەم كە هێزەكان لەسەری رێك دەكەون .سەرۆك بارزانی ، نایهەوێت چیتر كورد بێ‌ دەوڵەت بێت ،چونكە كورد كە هەڵگری ناسنامەی كوردییە و خاوەنی خاك و زمان و مێژوو و كولتووری خۆیەتی و جیاوازە لە هەموو نەتەوەكانی دیكەی ناوچەكە و جیهان. بۆیە پێوستە هەمووان پشتیوانی هەوەكانی سەرۆك بارزانی بین بۆ گەیشتن بە ئامانج و رزگاربوون لە بێ دەوڵەتیی..
Top