جیهاد له‌ چاپه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌یدا

جیهاد له‌ چاپه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌یدا
له‌ ئۆكتۆبه‌ری 1984دا عه‌بدوڵا عه‌زام و ئوسامه‌ بن لادن نووسینگه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ پیشاوه‌ر داده‌مه‌زرێنن، یه‌كه‌م ئه‌ركی ئه‌م ده‌زگایه‌ بریتییه‌ له‌ جووڵانه‌وه‌ له‌ سێ ڕووبه‌ری سه‌ره‌كیدا:

- ڕووبه‌ری پاره‌ و گه‌یاندنی به‌ ده‌ستی موجاهیده‌ ئه‌فغانییه‌كان.

- ڕووبه‌ری چه‌ك و گه‌یاندن و دابه‌شكردنی به‌سه‌ر حزبه‌كاندا.

- ڕووبه‌ری ئه‌نته‌رناسیۆنال - جیهاد و گه‌یاندنی جیهادیسته‌كان به‌ ئه‌فغانستان.

ئایدۆلۆژیا و سیاسه‌ت و ستراتیژییه‌كانی نووسینه‌گه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كان، ژماره‌ له‌دوای ژماره‌، له‌ گۆڤاری (جیهاد)دا كه‌ ئۆرگانی فه‌رمی نووسینگه‌ بوو، ده‌خرانه‌ ڕوو. ئه‌و گۆڤاره‌ به‌ هاوكاریی ڕژێمی وه‌هابیی سعوودیه‌، له‌ نزیكه‌ی په‌نجا ده‌وڵه‌تدا بڵاو ده‌كرایه‌وه‌.

له‌ سه‌ره‌تاكانی كاركردنیه‌وه‌ چه‌ند وڵاتێك ده‌بن به‌ سه‌رزه‌مینی بڵاوكردنه‌وه‌ و پڕوپاگه‌نده‌كردن بۆ جیهادی ئه‌فغانی و نووسینگه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كان، له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، كه‌ هه‌موو ده‌رگاكانی بۆ عه‌بدوڵا عه‌زام ده‌كاته‌وه‌ و له‌ چه‌ندین شاری ئه‌مه‌ریكیدا لقه‌كانی نووسینگه‌ی خزمه‌تگوزاری دروست ده‌كات. لێره‌ به‌دواوه‌، عه‌زام پێیه‌كی له‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌بێت و پێیه‌كی دیكه‌ی له‌ پاكستان. چه‌ند ساڵێك دواتر، به‌تایبه‌تی پاش 11 سێپته‌مبه‌ری 2001، ئه‌وه‌ی بۆنی جیهادی لێ بێت له‌ ئه‌مه‌ریكا سه‌ركوت ده‌كرێت و ڕاپێچی زیندان ده‌كرێت و هاوكێشه‌كان سه‌د و هه‌شتا پله‌ پێچه‌وانه‌ ده‌بنه‌وه‌. بۆ كه‌سێك كه‌ له‌ ئێستادا ده‌ژی و ئاگای له‌ مێژووی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و جیهادیسته‌كان نییه‌، ئاماده‌یی به‌هێزی له‌م شێوه‌ی ئیسلامیزمی ڕادیكاڵ له‌ ئه‌مه‌ریكادا و پشتیوانیی ماددی و مه‌عنه‌وی لێی له‌ لایه‌ن خودی ئه‌مه‌ریكاوه‌ شتێكه‌ له‌ خه‌یاڵ، له‌ كاتێكدا ئه‌وه‌ی ئێمه‌ باسی ده‌كه‌ین خودی واقیعه‌ به‌ ڕووتوقووتی.

هه‌موو ئه‌و جیهادیستانه‌ی كه‌ ده‌گه‌نه‌ پاكستان، به‌ خۆیان و خێزانه‌كانیانه‌وه‌ له‌لایه‌ن نووسینگه‌وه‌ باوه‌شیان بۆ ده‌كرێته‌وه‌. ئوسامه‌ بن لادن هه‌م خانوویان بۆ دابین ده‌كات، هه‌م مووچه‌یه‌كی مانگانه‌شیان بۆ ده‌بڕێته‌وه‌. له‌ هه‌مان كاتدا عه‌بدوڵا عه‌زام، كه‌ به‌ (ئیمامی جیهاد) ناوبانگی ده‌ركردبوو، ئه‌ركی (ئاوێزانكردنیان) به‌ ئه‌نته‌رناسیۆنال - جیهاد ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆی خۆی.

له‌م قۆناغه‌دا یه‌كێك له‌ ڕووداوه‌ گرنگه‌كان بریتییه‌ له‌ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی عه‌زام و بن لادن له‌ ڕێكخراوی برایانی موسڵمان و سه‌رهه‌ڵدانی زه‌بروزه‌نگێكی ڕه‌مزیی توند له‌نێوانیاندا. عه‌زام و بن لادن له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا داوا له‌ برایانی موسڵمان ده‌كه‌ن كه‌ ته‌به‌ننی جیهادی ئه‌فغانی بكه‌ن و ده‌رگای جیهاد بۆ ئه‌ندامه‌كانیان بخه‌نه‌ سه‌ر پشت و ئه‌و هه‌زاران هه‌زار ئه‌ندامه‌ی كه‌ له‌ شانه‌ ته‌نزیمییه‌كانیاندا تووشی خه‌مۆكی بوون، به‌تایبه‌تی پاش كوشتنی سادات و كاره‌ساتی حه‌ما له‌ سووریا، ڕه‌وانه‌ی ئه‌فغانستان بكه‌ن. به‌ڵام برایان به‌ سلبی وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه‌ و پشتیوانییان له‌ جیهادی ئه‌فغانی ته‌نیا له‌ ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا كورت ده‌كه‌نه‌وه‌. كاتێك عه‌زام و بن لادن زۆر بۆ ڕێكخراوی برایان ده‌هێنن، ئیدی په‌تی نێوانیان ده‌پچڕێت و عه‌زام به‌ فه‌رمی له‌ برایان دوور ده‌خرێته‌وه‌ و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ڕۆحییه‌ی كه‌ له‌نێوان بن لادن و برایانیشدا هه‌بوو كۆتایی پێدێت.

له‌ ساڵی 1985دا، هه‌وڵه‌كانی عه‌زام و بن لادن به‌رهه‌می گرنگ و بایه‌خدار به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌ده‌ن. له‌م ساڵه‌دا چه‌ند سه‌د جیهادیستێك له‌ چه‌ندین وڵاتی جیاوازه‌وه‌ ڕوو ده‌كه‌نه‌ پاكستان و به‌یعه‌تی جیهاد به‌ عه‌بدوڵا عه‌زام ده‌ده‌ن. بن لادن چه‌ند كه‌مپێكیان بۆ دروست ده‌كات و هه‌موو پێداویستییه‌كانی ژیانیان بۆ دابین ده‌كات و پاشان هه‌ردوو حزبه‌كه‌ی حیكمه‌تیار و سه‌یاف دێنێته‌ سه‌ر خه‌ت، به‌تایبه‌تی بۆ مه‌شقی سه‌ربازی و ئاماده‌كردنیان و دواتر به‌شداری پێكردنیان له‌ چالاكییه‌ جیهادییه‌كاندا.
Top