هەولێر سیمای تەلارسازی كوردستانە

هەولێر سیمای تەلارسازی كوردستانە
لە زۆربەی وڵاتە پێشكەوتووەكان، بە تایبەتی كیشوەری كۆن كە بە ئەوروپا دەگووترێت، لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و تەلارسازی هەندێ شوێنیان دەستكاری نەكردووە و بگرە وەكو شوێنەوارێكی زیندوو ماوەتەوە، واتە خەڵكی تیایدا دەژین و ژیان بەردەوامە، بۆ نموونە لە شاری وارشۆی پایتەختی پۆڵۆنیا، یان لە پراگی پایتەختی چیك یاخود لە شاری ئۆهوس لە وڵاتی دانیمارك هەروەكو لە مۆسكۆ و سانكت پیتەرسبورگەوە تا لەندەن و پاریس و شارەكانی ئیتاڵیا و نەمسا و زۆر شوێنی تر؛ ئەم شوێنانە بوونەتە تێكەڵەیەك لە مێژووی كۆن و هاوچەرخ كە بە هەزارەها گەشتیار رووی تێ دەكات، لە لایەك كولتوری وڵاتەكە نیشان دەدات، لە لایەكی ترەوە داهاتێكی باشی گەشتیارییە بۆ وڵاتەكە و لە ئەنجامیدا بە سەدان خەڵكی ئەو شوێنانە وەكو رێنیشاندەری گەشتیاری هەلی كاریان بۆ رەخساوە بۆ هاوكاری كردنی گەشتیاران بە نیشاندان و گێڕانەوەی مێژووی شوێنەوارەكان.
لێرەدا پێویستە وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە كە ئایا لەشارێكی وەكو هەولێر كە یەكێكە لە شارە هەرە دێرینەكانی كوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە ژیان تیایدا بەردەوام بووە، تاچەند رەچاوی ئەم لایەنە كراوە؟ بە داخەوە تا ئێستا بەم شێوەیەی وڵاتانی گەشتیاری سوودی لێ وەرنەگیراوە، لەگەڵ ئەو غەدرە مێژووییەی كە لە كوردستان كراوە بە داگیركاری و سووتان و تەخت كردن و بە تاڵان بردن، سەیر دەكەی لەم بوارەدا بە داخەوە زۆر سەرچاوەی مێژوویی و پاشماوەی دێرینمان بۆ نەماوەتەوە بە تایبەتی لە بواری تەلارسازیدا، بۆیە بۆ ئێمە مانان ئەستەمە بە خەڵكی بڵێین ئەم ستایلە ستایلی تەلارسازی كوردییە، هەروەكو چۆن تورك و عەرەب و فارس و ئەوروپییەكان هەیانە، لەگەڵ ئەوەشدا كورد ئەوەندەی خەمی رزگاركردنی ژیانی خۆی بووە لەدەست داگیركەرەوە، ئەوەندە خەمی پاراستنی مێژووەكەی خۆی نەبووە، بۆیە كە سەیر دەكەین پاشماوەكانی كۆشك و تەلارەكان تا ئێستا وێرانەن وەكو قەڵای دوین و زۆر شوێنی تر. جا ئەگەر لەم روانگەیەوە سەیری شاری هەولێر بكەین، دیسان دەبینین غەدرێكی زۆرمان لە قەڵای هەولێر كردووە و بە پێی پێداویستی رۆژگار بە ئارەزووی خۆمان دەستكاری ئەم توحفە جوانەمان كردووە، بۆ نموونە دەوروبەری قەڵای هەولێر كاتی خۆی هەمووی دوكان بوو، لە ناكاو بڕیاردرا هەموو دوكانەكان تێك بدرێن و قەڵاكە بە شوورەیەكی ناشرین دەورە درا و لە گرمە و ژیان كەوت و بووە تۆپەڵە قوڕێك لە ناوجەرگەی شار، قەیسەری هەولێر كە تەواوكەری قەڵا و سەنتەری شارەكەیە تا ماوەیەكی زۆر وێرانە بوو، ئێستا كە نۆژەن دەكرێتەوە كارێكی باشە دەكرێت، بەڵام بە بۆچوونی من شێوازی ئەو كەرپووچانەی كە بە كاردێن بۆ نۆژەنكردنەوەكە، هەمان ئەو جۆری كەرپووچە نییە كە قەیسەری پێ بنیات نراوە، لەبەرئەوەی كەرپووچی كۆن جۆری پتەو بووە و ئەوەی ئێستا كوون كوونە و زۆر بە ئاسانی دەشكێت، ئەگەر بە بڕیارێك لێدانی بزمار و لافیتە قەدەغە نەكرێت. خاڵێكی تر بەلای منەوە زۆر گرنگە شێوازی دروستكردنی باڵەخانە لە ناو شەقامی ٣٠ مەتری لە زۆربەی وڵاتان دروست كردنی باڵەخانە بە شێوەی هەڕەمەكی قەدەغەیە، بۆ نموونە لە پاریس بە دووری ١٥ كیلۆمەتر قەدەغەیە باڵەخانەیەك دروست بكەیت لە بورجی ئیڤڵ بەرز تر بێت، قەدەغە كردنەكە بۆ ئەوەیە لە دوورەوە خەڵك هەست بە بوونی ئەو بورجە بكات. لە شاری هەولێریش كە قەڵای مێژووی شارەكە كە دەكەوێتە ناوجەرگەی شارەوە، دەبوایە بە دووری چەند كیلۆمەترێك رێگا بە باڵەخانەی بەرز نەدرێت دروست بكرێت، بۆ ئەوەی لە هەر شوێنێك بوەستیت قەڵاتت لێ دیار بێت كە هێمای شارەكەیە، لە لایەكی ترەوە ئەو كەرەستانەی كە بەكاردێن بۆ نۆژەنكردنەوە و دروست كردنەوەی باڵەخانەكان لە ناو شەقامی ٣٠ مەتری دەبووایە هەمان كەرەستە بوونایە بۆ ئەوەی لێكچوونێك هەبووایە، بۆ نموونە كە دەچیتە عەممانی پایتەختی ئوردن هەموو شارەكە سپی دەچێتەوە و هەموو باڵەخانەكان پێویستە هەمان جۆری بەردی حەلان و بەردی چیا بەكار بهێنن، یان كە دەچیتە گەڕەكی وارشۆی كۆن هەمووی لە كەرپووچ و دیزاینی خانووەكانیش یان وەكو یەكن یان لەیەكەوە نزیكن، كە دەچێتە لەندەن هەمان شت و كەس ناتوانێ لە گەڕەكێك یەكێك پەنجەرەكەی بۆیەی سپی بێت و ئەوی تر رەش، پێویستە هەموو هەمان ستایل و هەمان رەنگ بن، كەچی لە هەولێر و لە ناوجەرگەی شارە كۆنەكە باڵەخانە هەیە بە ئەلیكۆپۆن روو پۆش كراوە یان بە بلۆك و كۆنكریت دروست كراوە، هیچ باڵەخایەكی لێكچوو نادۆزیتەوەو هەر كەسە هەڵدەستێ بە ئارەزووی خۆی باڵەخانەكەی نۆژەن دەكاتەوە بەبێ گوێدانە رەسەنایەتی ناوچەكە، ئەمە هەڵەیەكی كوشندەیە، چونكە گەشتیار كە دەچێتە ناو شار تەنیا بۆ سەردانی قەڵا ناچێت، بەڵكو قیسەری و دەوروبەری قەڵا بە قەد قەڵای هەولێر گرنگە، باشە بەیانی ئەگەر دەلیلی گەشتیاری دروست بكەیت و خەڵكانێك وەكو وڵاتان باسی مێژووی شارەكەیان بكەن بۆ گەشتیاران باسی چی دەكەیت؟
زۆر گرنگە تەلارسازەكان لە هەوڵی ئەوەدابن رەسەنایەتی ناو جەرگەی شار بپارێزن و هەوڵ بدەن دروستكردنەوە و نۆژەنكردنەوە لە سەر بنەمای مێژوویی بێت، نەوەك زاڵبوونی ئابووری بەسەر كولتوری رەسەنایەتی تەلارسازی گەلەكەمان، چونكە چۆن زمان پێناسەی نەتەوەیە بە هەمان شێوە كولتوری تەلارسازیش بەشێكن لە پێناسەی نەتەوە، بەڵام بە داخەوە تا ئێستا هەوڵدان بۆ داهاتی باشتر و ئابووری زاڵترە بەسەر پاراستنی رەسەنایەتی شارەكەوە، گەرچی رۆژێك دێت داهاتی گەشتیاری زۆر كاریگەرتر دەبێت لە داهاتی باڵەخانەیەك كە كەس گرنگی پێ نادات.
هۆكارێكی تریش ئەوەیە رەنگە توێژینەوەی زۆر لە سەر رەسەنایەتی تەلارسازی كوردستانی نەكراوە، و نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت كە ماوەیەكی زۆر كەمە كورد بە ئازادی لە سەر خاكەكەی دەژی و تاڵانكردنی ژێرخانی كوردستان دووبارە كاریگەری زۆری هەبووە كە هونەری تەلارسازی لە هەرێمی كوردستان پێش نەكەوتووە.
لەبەر بێ پلانی و داگیركاری شارەكانی كوردستان لەلایەن داگیركەرانەوە، هیچ بایەخێك بە پلانی كاركردن یان ماستەرپلان نەدراوە و بەڵكو هەوڵی دانانی ماستەر پلانیشیان نەداوە، لە دوای پرۆسەی ئازادی كوردستان، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵیدا بە زووترین كات نەخشەی ماستەرپلان بۆ هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستان دابنێ، ئەمە لەلایەك باش بوو، بەڵام لە لایەكی ترەوە رەنگە ئەو وڵاتانەی كە بەم كارە هەڵساون زۆر بە وردی لە روویی مێژووییەوە گرنگیان بە ماستەر پلانەكە نەداوە، بۆ نموونە ئەگەر نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر یان قەیسەری بەپێی ماستەر پلان بێت، دەبوایە حیساب بۆ لێكچووی كەرەستەكانی قەڵاو قەیسەری و گۆڕستانە كۆنەكان بكرابوایە، لە كاتێكدا نۆژەنكردنەوەی قەیسەری لەسەر مۆدێلی عەباسییەكان كاری لەسەر دەكرێت، كەچی مێژووی قەڵات زۆر كۆنترە. گۆڕستان لە وڵاتە پێشكەوتوووەكان گرنگی زۆری پێ دەدرێت زیاتر لە پاركێكی گەورە دەچێت تا گۆڕستان، راستە لەلایەن تاكەوە كەس گرنگی بە گۆڕستانەكان نەدراوە و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەبێ بەرنامەیە و پێویستە خەڵك فێری ئەوە بكەین گرنگی زیاتر بە گۆڕستانەكان بدەن، لەگەڵ ئەوەش تێكدانی گۆڕستان بە شێوەیەكی هەڕەمەكی لە رووی مێژووییەوە كارێكی هەڵەیە، بەڵام دەكرێ لە گۆڕستانە تایبەتەكانی ناو شار قەدەغە بكرێت لەمە زیاتر مردوو بنێژرێت بۆ ئەوەی كۆنترۆڵ بكرێت و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هەڵسێ بە سەوزكردن و رێكخستنەوەی گۆڕستانەكان.
كێشەیەكی تری گەورە لە داهاتوو بۆ ئەم شارە و شارەكانی تری كوردستان دروست دەبێت كە خۆمانمان بۆ ئامادە نەكردووە، باڵەخانەی ستوونیەكانە كە لە رووی زانستییەوە دروستە لە پێناوی گەورە نەبوونی شار بە هەڕەمەكی و بۆ كۆنترۆڵكردنی گرفتی ئاو و كارەبا، بەڵام لەبەرئەوەی تا ئێستا بەپێی ماستەرپلان بۆڕی زێرابی ئاوی قورس و ئاوەڕۆی سەرەكی شار دروست نەكراوە و تۆڕی گرێدانی ئەم جۆرە ئاوەڕۆیانە بەیەكەوە نەبەستراونەتەوە، لە داهاتوویەكی نزیكدا تووشی گرفت دەبین. گرفتێكی تریش لە كۆمەڵگاكانی نیشتەجێ بوون بەدی دەكرێت لە كاتی دروستكردنی خانووەكانی یەكەی نیشتەجێبوونی ستوونی بەرز دروست دەكرێت بەبێ ئەوەی حیساب بۆ دیكۆری ناوچەكەو ژینگەكەو رەسەنایەتی كلتوور بكرێت، بۆیە دەبینین باڵەخانەی ستوونی لە پێش خانووی ئاسایی دروست دەكرێت و جوانی كۆمەڵگەكە دەشارێتەوە، دێن باڵەخانەی ستوونی دەخەنە نێوان شەقامی سەرەكی و خانووەكان، ئەمەش دەبێت شاردنەوەی سیمای گەڕەكەكە. ئەم دیاردەیەی باڵەخانەی ستوونی بە داخەوە لە سەنتەری شاریش بەدی دەكرێت كە بۆتە هۆكاری شاردنەوەی قەڵای هەولێر. لە كۆمەڵگەكانی پێش كەوتوو لەكاتی نۆژەنكردنەوەی باڵەخانەیەك پێوستە وەكو خۆی لە رووی تەلارسازییەوە دروست بكرێتەوە بەبێ گۆڕانكاری.
خاڵێكی تری گرنگ لە شوێنی دانانی پەیكەرە لە ناو شار، دیسان دەبوایە حیساب بۆ لێكچوونی تەلارسازی ناوچەكە بكرێت، زۆربەی زۆری پەیكەرەكان لە وڵاتە پێشكەوتووەكان لە شوێنێك دادەنرێت كە ناوەڕۆكی پەیكەرەكە و مێژووی شوێنەكە لەگەڵ یەكتر دەگونجێن، بۆ نموونە پەیكەری شێوەكارێك كە خۆی هونەرمەندە ناكرێ لە نزیك نەخۆشخانەیەك دابنرێت. من نازانم هونەری دانانی پەیكەری ئیبن ئەلمستەوفی چییە لە پێش دەرگای قەڵات؟ دەبوایە ئەم پەیكەرە لە سەر چوارڕیانێكی سەرەكی لەناو شار یان لەناو پارك و باخچە گەورەكانی شاردا دابنرایە. یاخوود مێژووی قەڵای هەولێر و پەیكەری ئیبن ئەلمستەوفی چ شتێك بە یەكیانەوە گرێ دەداتەوە؟ ئەوە وەكو ئەوە وایە پەیكەری وەرزشوانێك لە نزیك مزگەوتێ دابنرێ. بۆیە پێویستە لێژنەیەك هەبێت بۆ جۆر و شوێن و گەورە و بچووكی پەیكەر دانان لەناو شاردا كە چەند كاریگەریی لەسەر ژینگە و شوێنی دانانی پەیكەرەكە دەبێت.
Top