چیرۆک بۆ منداڵان .. ئۆخەی نیشتمان

چیرۆک بۆ منداڵان .. ئۆخەی نیشتمان
شایەکی بیابان نشین، هەر لە منداڵییەوە، زۆر حەزی لە دەنگی باڵندە بوو . لە باخچە گەورەکەی کۆشکە قەشەنگەکەیدا، لە نێو تەلبەند و قەفەزی جوان و نایابدا، چەندین جۆرە باڵندەی رەنگین و دەنگخۆشی هەبوون . رۆژانە خۆشترین دان و گیا و سەوزە و میوەی دەدانێ . خۆشەویسترین و دەنگخۆشترین باڵندە بەلای شاوە، جوانی و دەنگی قاسپە قاسپی کەوەکەی بوو . کە لە نێو تەلبەندێکدا، دیکۆرێکی زۆر جوانی لە شێوەی کوێستان ئاسایی بۆ رازاندبۆوە . کە بریتی بوو لە شاخ و لە تاڤگە و لە کانی و لە گۆڵزارێکی رەنگین و لە تاشەبەردی جوان . شا هێندە هۆگری باڵندە ببوو . رۆژانە هێندە گوێی لە دەنگیان گرتبوو . تا رادەیەیەکی کەم، لە زمانی باڵندەکانیشی دەزانێ .
شا بەیانیان بە دەنگی قاسپە قاسپی کەوەکەی لە خەو هەڵدەسا . دەچووە دیاری و، گوێی لێ دەگرت . بەڵام شا زۆر سەری لەوە سووڕمابوو . کە کەوەکەی هەموو جارێک لە کۆتایی خوێندنەکەیدا، دەیگوت : " خۆزگــــەم بە نیشـــــتمان .. ! "
شا لەبەر خۆیەوە گوتی : " جا کەوەکە لە چیت کەمە ..؟ خۆشترین دان و سەوزە و میوەت دەرخوارد دەدەم . جوانترین دیکۆرم و دیمەنم بۆ رازاندوویتەوە . قاپی ئاو و دانەکەت لە زیو دروست کراون . شوێن خەوێکی گەرم و نەرمم بۆ داناوێ . پێم ناڵێی بۆ هەموو جارێک خۆزگەت بە نیشتمانەکەتە و، هەناسەی قووڵی بۆ هەڵدەکێشیت ..؟ تۆ بڵێی نیشتمانەکەت لەم دیکۆرە و دیمەنە و . لەم ناز و نیعمەتە خۆشتر بێت . ؟!
شا شەوێکیان خەوی بینی . لە خەوەکەیدا بەیانی بوو . گوێی لە دەنگی قاسپە قاسپی کەوەکەی دەگرت . وەکو جاران گوێی لێبوو کە، گوتی : " خۆزگــەم بە نیشـــتمان "
شا چوو دەرگای تەلبەندی کەوەکەی کردەوە و بەرەڵای کرد . کەوەکە بەرەو باکـوور هەڵفڕی . شا لە خوا پاڕایەوە . کە بیکات بە باڵندەیەک . داواکەی هاتە دی . بوو بە باڵندەیەک و هەڵفڕی و قۆناغ بە قۆناغ دوای کەوەکەی کەوت . دوای فڕینی ماوەیەکی زۆر . بەیانییەک گەییشتنە دۆڵێکی کوێستانی کوردسـتان . پڕ بو لە دارستانی چڕ و، لە گۆڵزاری گوڵ هەمەڕەنگەی جوان و گەش و بۆنخۆش . لە کانی و، لە تاڤگە و، لە شاخی بەفرین و بەرز . کە شا هەرگیز شوێن و، دیمەنی سروشتیی وا جوان و قەشەنگ و رەنگین و دڵگیری نەبینیبوو . کەوەکە لەسەر کانییەکی ئاو خوڕ و رووندا نیشتەوە . هەشت نۆ قوم ئاوی خواردەوە . تێر چینەی کرد . ئینجا چووە سەر تاشەبەردێکی قوت . بە دەنگێکی بەرز و زوڵاڵ، دەستی بە قاسپە قاسپ کرد . لە کۆتاییدا سێ جاریش لەسەر یەکتری، گوتی : " ئۆخـەی نیشـتمان . ئۆخـەی نیشـتمان . ئۆخـەی نیشـتمان . کە بەتۆ شادبوومەوە . " رەوێکی کەو هاتن و، لە دەوری کەوەکەدا نیشتنەوە . دووبارە کەوەکە دەستی بە قاسپە قاسپ کرد . لە کۆتاییشدا، گوتی : " ئۆخـــەی . کە بە کەسوکـــارم شادبوومەوە . " کەوەکە لەگەڵ کەوەکانی تردا . دایان لە شەقەی باڵ و بەرە و لوتکە شاخێکی بەرز هەڵفڕین .
شا لەپڕدا بە دەنگی قاسپە قاسپی کەوەکەی خەبەری بووە و . گوتی " ئۆخی کە ئەمە خەو بوو بینیم . " شا چوو یەکسەر دەرگای تەلبەندی کەوەکەی کردەوە و، ئازادی کرد . کەوەکە بەرەو باکوور هەڵفڕی . ئینجا شا هەموو باڵندەکانی تریشی ئازاد کردن . چی قەفەز و تەلبەندیشی هەبوو، هەمووی شکاندن . هەر ئەو رۆژەش فەرمانێکی دەرکرد . کە راوکردنی باڵندە و ئاژەڵی کێویی لە وڵاتەکەیدا قەدەغـەکرد . ئەوەشی راگەیان کە قەفەز و داو و دارلاستیک و تەڵە لای هەرکەسێک بگیرێت سزای دەدات.

منـداڵە جوانکیلەکانی کوردســتان . مەبەستم لەم چیرۆکەمدا . ئازادی و . سۆز و خۆشەویستییە بۆ کوردسـتانی شیرینمانە . کە نیشـتمانی پیـرۆزمانە . کە جوانترین بەهەشتی سەر زەمینە . بەبێ کوردسـتان ژیانـمان تـاڵە و . مانـەوەمان مەحـاڵە .
نەرویـج : ٢٥/ ١٠/ ٢٠١٣
Top