پەیامی دوورگەی ئیمڕالی بۆ كوردانی ڕۆژئاوا
January 8, 2013
وتار و بیروڕا
هەندێ خەڵكیش هەن وای بۆ دەچن ئەو گۆڕانەی لە هەڵوێستی توركەكاندا هاتووەتە ئاراوە، حەقیقییە و ئیرادەی سیاسییەكانی توركیا نیشان دەدات بۆ چارەسەری یەكجارەكیی كێشەی كورد. خوێندنەوەكان هەر چییەك بن ناكرێ ئەو ڕاستییە بشارینەوە دۆزی كورد لە توركیا هەنگاوی زۆر چاكی بڕیوە و ئەو ئامادەییەیش هەیە بچێتە نێو قۆناغی زۆر گرنگ و یەكلاكەرەوە.
دانوستان لە گەڵ ئۆجەلاندا زۆر چاك پێمان دەڵێ توركەكان بەو ئەنجامە گەییشتوون چارەسەری كێشەی كورد لەو دەنگەدایە كە دەیان ساڵە نكۆڵییان لێ كردووە و دژی وەستاون.
ڕاستە ئەو هەوڵە شوێنپەنجەی حزبەكەی ئەردۆغانیشی تێدایە، بەڵام هەوڵێكی ژیرانەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و دەربازبوون لە مەزنترین قەیران و كێشەی سیاسیی وڵاتەكەیان و ئەوەیش خۆی لە خۆیدا داننانە بە ڕەوایەتیی دۆزی سیاسیی كورد لە توركیادا.
بەو پێیە دەكرێ ئەو پێشڤەچوونە بە دەستپێكی براوەبوونی كورد بزانین لە هاوكێشە سیاسییەكانی توركیادا.
پشتبەستن بە دانوستان و ڕێگەی ئاشتیانەی چارەكردنی كێشەی كورد یارمەتیی (پ ك ك) دەدات نەكەوێتە داوی هاوكێشە ئیقلیمییەكان و نەبێتە قوربانیی لایەنێكی ئیقلیمی كە نە هەناسەیەكی ئەوتۆی ماوە هیوای لەسەر هەڵبچێنرێ و نە شەرعییەتێكیشی ماوە كەس خۆی پێوە هەڵبواسێت.
ڕاستە هێشتا دەنگی ناڕازی لەنێو (پ ك ك)ـدا هەیە، بەڵام پتر لە هەر كەسێك ئەوە ئۆجەلانە دركی بە هەستیاریی دۆخەكە كردووە و پەرۆشیی بۆ چارەسەركردنی ئاشتیانەی كێشەی كورد هەیە.
ئەوەیان هاندەر و فرسەتێكی زۆر چاكیشە بۆ لایەنە كوردییەكانی نێو سووریا و بە تایبەت (پەیەدە) بۆ ئەوەی بریتی خەباتی ئاشتییانە و دوور لە توندوتیژی تاقی بكەنەوە. ئەو شتەی بە ئاشتی و دانیشتن دێتە دی، بە شەڕ و توندوتیژی و دەمارگیری قەت نایەتە دی. ڕۆژئاوای كوردستان ئەزموونێكی ئەوتۆی لەگەڵ چەكداری و توندوتیژی و دووبەرەكیدا نییە.
بۆیە لەو دۆخە ئاڵۆزەی سووریا تێی كەوتووە و بووەتە شوێنی ململانێی و حزووری كەموێنەی دەستگە موخابەراتییەكانی ئیقلیمی هێزە كوردییەكانی سووریا دەبێ زیاتر لە هەر كاتێك هۆشیار و تیژبین بن، چونكە نە كوردستانی سووریا بەرگەی شەڕی نێوخۆیی كورد دەگرێت و نە كوردانی ڕۆژئاوایش ئەو توانا و ئەزموونەیان هەیە بە شەڕ كێشەكانیان چارە بكەن.
ئەو كاتە هێزە كوردییەكانی ڕۆژئاوا دەتوانن واقعبینانەتر مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكاندا بكەن كە پێشتر سێ واقعی جیددییان هەزم كردبێت و سیاسەتی خۆیان لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ڕاستیانەدا ڕێك بخەن كە خۆری ئەسەد و هاوپەیمانە هەرێمایەتییەكانی لە سووریادا ڕووی لە ئاوابوونە. هەروەها دۆزی كورد لە توركیا هەنگاوی چاكی بڕیوە و سێیەمین ڕاستییش هەرێمی كوردستانە كە ڕۆڵێكی كارای لە ڕووداوەكان و دواڕۆژی كورد لە ناوچەكەدا هەیە.