كوردانی ڕۆژئاوا و هەڵوێستە میدیایی و ڕووكەشەكان

كوردانی ڕۆژئاوا و هەڵوێستە میدیایی و ڕووكەشەكان
ڕژێمەكەی ئەسەد ئەوەندەی نەماوە بە تەواوەتی گیانی دەربچێت و گەلانی سووریا لە چنگی (بەعس) كە ناشرینترین شێوازی حوكمڕانیی ناوچەكەیە، ڕزگاریان بێت. بەڵام گرنگترین پرسیار بۆ كورد و گەلانی سووریا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش قۆناغی دوای ئەسەدە.

بێگومان سووریای دوای ئەسەد میراتگری دەیان گرفتی سیاسی و دەروونی و دیموگرافی و ئەتنیكییە و تابلۆی دواڕۆژی سیاسیی ئەو وڵاتەیش بە هیچ شێوەیەك ڕوون نییە. سوننەكان و مەسیحی و شیعە عەلەوییەكان و كوردەكان پێكهاتەی مرۆڤیی ئەو وڵاتەن هەر كامەیان ئەجێندا و داواكاریی تایبەت بە خۆی هەیە.

پاڵپشتیی (ئێران) و (ڕووسیا) و (چین) لە ڕژێمەكەی ئەسەد، وای كردووە ڕووخانی ئەو ڕژێمە كاتی زیاتری گەرەك بێ. هەرچەندە كاتیش زیاتر تێبپەڕێت كێشەكان ئاڵۆزتر دەبن. پشتیوانانی ئەسەد لە ڕووخانی ئەسەد دڵنیان، بەڵام بەنیازن لە ڕێی درێژتركردنی تەمەنی ڕژێم و قووڵتركردنی كێشەكان و ئاڵۆزتركردنی دۆخەكەوە، جێپێیەك بۆ خۆیان لە سووریای لەدەستچوو بهێڵنەوە.

مامەڵەی هێزە كوردییەكانی سووریا لەگەڵ بارودۆخی سیاسیی ئێستاكەی سووریا و دوای ئەسەد، ژیری و دووربینی و یەكگرتوویی هەڵوێستەكانی گەرەكە. سووننە و شیعە و مەسیحییەكان پاڵپشتی دەرەكیی بەهێزیان هەیە. بە پێچەوانەوە كوردی سووریا لە هاوكێشەكاندا ڕووبەڕووی تەنیایی دەبێتەوە. تاكە پاڵپشتی دەرەكیی كوردەكانی ڕۆژئاوا هەرێمی كوردستانە و بە پێی گوتەكانی بەڕێز سەرۆكی كوردستان، هەرێم بەوپەڕی توانایەوە پاڵپشتیی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات.

چارەنووسی هەرێمی كوردستان و ڕووداوەكانی سووریا بەیەكەوە بەستراوە. سەركەوتنی ستراتیژیی هەرێم لە درێژخایەندا بەندە بە سەركەوتنی ئەو ئەجێندایەی لەنێو ڕووداوەكانی سووریادا هەیەتی و بەنیازە زۆرترین خاڵ لە بەرژەوەندیی كورد لەوێدا كۆ بكاتەوە. سەركەوتنی كوردانی ڕۆژئاوایش پێوەستە بە خوێندنەوەی ژیرانەی ئەو هەوڵانەی بە نیازن دەستی هەرێم لە ڕووداوەكانی سووریادا كورت بكەن و لە ناوچەكەدا بیكەنە كاراكتەرێكی بێهێز و لاواز.

كوردانی ڕۆژئاوا جگە لەوەی دەبێ شوێنكەوتووی پلانێكی ستراتیژیی هاوبەشی نەتەوەیی بن، دەبێ بەشداریش بن لە هاوكێشە سیاسییەكانی سووریا و ناوچەكەدا، بەڵام بە مەرجێك نەبێتە هۆی پەرتەوازەیی لایەنی كوردی و نەیشبێتە فاكتەرێك بۆ بێهێزكردنی هەرێمی كوردستان كە بەلای نەیارە ئیقلیمییەكانی كوردستانەوە ئامانجێكی ستراتیژییە.

لەو میانەدا سەركردایەتیی ئۆپۆزیسیۆنی هەرێم كە ئاگاداری ورد و درشتی كێشە و هاوكێشەكانن، دەبێ لە هەڵوێستی ئەخلاقیی ڕووكەش و موجامەلەیی لە بەرانبەر ڕووداوەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بێنە دەر و یارمەتیی پلانی سەرخستنی ئەجێندای نەتەوەیی كورد بدەن لەو بەشەی كوردستاندا، نەك ئەوەی ببنە تەڕەف لە هاوكێشەیەك كە جگە لە دووبەرەكی و پەرتەوازەیی چیی دیكەی بۆ كورد لێ سەوز نابێتەوە. باری گوزەران و ژیانی كوردانی ڕۆژئاوا گرنگە و ئاوڕدانەوەیان ئەركێكی مرۆیی و نیشتمانییە، بەڵام ئەوەیان بە تەنیا كافی نییە، لەوە گرنگتر یارمەتیدانیانە بۆ ئەوەی نەكەونە ئەزموونی تاڵی دووبەرەكی و تەنیایی لە دواڕۆژە ناڕوونەكەی سووریادا.
Top