ئاماژەكانی حوكمێكی تەپیو
December 11, 2012
وتار و بیروڕا
تۆنی قسەكردن و لەهجەی ئاخاڤتنی كە هەڵگری جۆرێكی مەترسیداری ئەنانییەت و خۆپەرستییش بوو بە ڕوونی نیشانی دەدا كە ئەو كاراكتەرە بۆ ئەوە هاتووە تا هەتایە بمێنێتەوە نەك ملكەجی بنەماكانی دەستاودەستبوونی ئاشتییانەی دەستەڵات و بنچینەكانی ئاسایی ژیانی دیموكراتی و پارلەمانتاری بێت. ئەو زۆر بێمنەتانە و بە بێی ئەوەی تۆزقاڵێك پەرۆشیی سەقامگیریی وڵاتی هەبێت پێشبینیی شەڕی نەتەوەیی كورد و عەرەبی كرد كە دەمێكە ئامادەكاری بۆ دەكات. ئەو پێشبینییەی كە تەنانەت بەعسی دڕندەیش زاتی ئەوەی نەبوو وا بە ئاشكرایی لەبارەیەوە بدوێت. مالیكی ڕۆژی شەممە زۆر بە نەشارەزایی كەلێن و ڕەهەندە لاوازەكانی كەسایەتیی خۆی دەرخست كاتێك بە هەڕەشە و پەنجەڕاوەشاندنەكانی هەوڵی ترساندنی نەیارەكانی دا كە بە نیازن متمانەی لێ بستێنن و بەڵێنی گرتنەبەری ڕێوشوێنی بێوێنەی لە بەرانبەر ئەو خەڵكەدا كە دەیانەوەێ لە هەوڵێكی ئاسایی دیموكراتیدا متمانە لە حكوومەتێكی بۆگەن و كەسایەتییەكی خۆویست و مەترسیدار وەربگرنەوە.
پشتبەستن بە میتۆدی بەكارهێنانی هێز و هەڕەشە باوی نەماوە و ئەو پێداگیرییەی مالیكی لە پێشێلكردنی دەستوور و بەكارهێنانی خەراپترین ڕێكارەكانی كاری سیاسی دەیكات ئەو بڕوایەی لای زۆرێك لە چاودێران دروستكردووە كە مالیكی لە واقیع دابڕاوە و بەهۆی بێبڕواییشی بە بنەماكانی دیموكراسی و كاری تەندروستی سیاسی بە هیچ جۆرێك ئامادە نییە و نایشتوانێ لەڕێی دەستوور و دیالۆگ و دانیشتندا كێشەكان چارەسەر بكات. هەر چۆنێك بێت ئێستاكە مالیكی هەیە و واقعێكی ڕووگرژی نێو پڕۆسەی سیاسییە و دەستەڵاتی زۆری لەبەر دەستە و بۆ پیادەكردنی سیاسەتەكانی ئامادەیە ڕوو لە هەموو بریتێك بكات. بۆیەش پێویستە هەڕەشەكانی بە جددی وەربگیرێت و تێكڕای لایەن و كوتلە سیاسییەكان بە كورد و شیعە و سووننەوە لێی بێنە دەنگ.
حكوومەتەكەی مالیكی پاش دەستەمۆكردنی بەشێك لە سووننەكان و ژمارەیەك لایەنی شیعی ئومێدێكی زۆری لەسەر پەرتەوازەبوونی ناوماڵی كورد هەڵچنی بوو. دوای كۆبوونەوەی لایەنە كوردییەكان لەگەڵ سەرۆكی هەرێم و ڕاگەیاندنی یەكهەڵوێستیی لایەنە كوردستانییەكان مالیكی كۆی هەرێمی كردۆتە نیشانە و بە نیازە لەو ڕێگەیەوە بەجۆرێك عێراق لە قەیران و كێشەی نەتەوەیی تێوەبگڵێنێ كە هەم خۆی لە بەرپرسیارێتیی گرفتە قووڵەكانی حوكمداریی خۆی ڕزگار بكات و هەمیش دیموكراسی و مومارەسەی دەستاودەستبوونی دەستەڵات بكاتە بابەتێكی لاوەكی و دواجار پەكی بخات و بینێژێت.
ئێستاكە عێراق لە دۆخێكی دژواردا دەژیێت و لەسەر دووریانێك دایە و لە كۆتایی هەردوو ڕێگەدا ئاوابوونی مالیكی دەبینرێت. یان ئەوەتا مالیكی بەردەوام دەبێت لە سیاسەتە هەڵەكانی و عێراق بەرەو شەڕێكی نێوخۆیی تاو دەدات كە بە مانای ئینتحاری سیاسیی مالیكی و لەتلەتبوونی وڵات دێت یانیش هێزە سیاسییەكانی عێراقی بە شیعە و سووننە و كوردەوە بە توندی لە بەرانبەریدا دەوەستنەوە و لە نماییشێكی دیموكراتییانەدا كۆتایی بەو بەربەستە دێنن كە لەبەردەم عێراقی شەكەت و برینداردا قوت بووەتەوە.