کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق: سبەی دوایین وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانە
جەمانە غەلاوی، وتەبێژ بەناوی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ راگەیاندنەکان ئاشکرای کردووە، کۆمسیۆنی باڵا بەردەوامە لەسەر نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، بە مەبەستی تەواوکردنی و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا، کە وا بڕیارە لە 10ی تشرینی یەکەمی داهاتوودا ئەنجام بدرێ.
گوتیشی: ”رۆژی پێنج شەمە (15ی 4ی 2021) دوایین وادەیە بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، بەپێی ئەو خشتەیەی کۆمسیۆن بۆ تەواوکردنی کارەکانی دایناوە“.
ئاماژەی بەوەش دا: ”رۆژی شەمەی هەفتەی داهاتوو (17ی4ی 2021)، دوایین وادەیە بۆ وەرگرتنی لیستی پاڵێوراوان بۆ هەڵبژاردن“.
غەلاوی راشی گەیاند: ”دوای داخستنی تۆمارەکان، کۆمسیۆنی باڵا ژمارەی پاڵێوراوان رادەگەیەنێ، لەگەڵ ژمارەی ئەوانەی تۆماری هەڵبژاردنیان نوێ کردووەتەوە و ئەو هاوپەیمانییانەش، کە پێک هێنراون و ئەوانی دیکەیش، کە بەشداریی هەڵبژاردنەکە دەکەن“.
حکوومەتی عێراق رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی داهاتووی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەستنیشان کردووە.
باسنيوز