کازمی: ئەنفال مایەی شەرمەزارییە بۆ مرۆڤایەتی
ئەمڕۆ چوارشەممە 14-4-2021، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە 33ـەمین ساڵوەگەڕی کارەساتی ئەنفالی گەرمیان، بەیاننامەیەکی دەرکردووە و تێیدا رایگەیاندووە: رێگا دیموکراتییەکان و بەرنامەی چاکسازی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە رێگای بونیادنانی داهاتووێکی گەشە بۆ عێراق.
مستەفا کازمی ئەنفالکردنی گەلی کوردستان لەلایەن رژێمی بەعسی عێراقییەوە بە ”تاوان و کارەساتێکی دڵتەزێن و مایەی شەرمەزاری بۆ مرۆڤایەتی“ هەژمار کردووە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق وێڕای نیشاندنی رێز بۆ شەهیدانی ئەنفال و کەسوکارەکانیان، رایگەیاندووە: یادکردنەوەی ئەو کارەساتە هاندەرێکە بۆ کارکردن لەسەر رێگرتن لە گەڕانەوەی دیکتاتۆریەت بۆ عێراق بە هەر شێوەیەک لە شێوەکان.
لە ساڵی 1988 رژێمی بەعسی عێراقی دەستی بە پرۆسەیەکی کۆمەڵکوژی گەلی کوردستان لەژێر ناوی (ئەنفال) کرد و لە چەند قۆناغێکدا، زیاتر لە 182 هەزار هاووڵاتیی مەدەنیی کوردی شەهید کرد.
پەرلەمانی کوردستان رۆژی 14ـی نیسانی بە رۆژی یادکردنەوەی قوربانییانی کارەساتی ئەنفال، داناوە.
باسنيوز