بەرپرسێكی باڵای عێراق خۆی ون كرد
بەپێی میدیاكانی عێراق، حەسەن مەندیل قورەیشی پارێزگاری بابل بە وەكالەت چەند ڕۆژێكە ون بووە، ئەمەش دوای دەرچوونی بڕیاری دەستگیركردنی دێت لەلایەن دادگایەكی وڵاتەكە بە تۆمەتی تێوەگلانی لە گەندەڵی.
ئەمڕۆ هێزێكی ئەمنیی عێراقی بەسەر ماڵی مەندیلیاندا داوە و بەدوایدا گەڕاون، بەڵام هەوڵەكەیان بێ ئەنجام بووە.
ئەمەش لە كاتێكدایە بەتۆمەتی تێوەگلانیان لە گەندەڵییەوە، لەلایەن دادگایەكی بابلەوە بڕیاری دەستگیركردنی حەسەن مەندیل و دوو لە كوڕەكانی دەرچووە.
جێی باسە لەوەتەی كۆتایی مانگی ئاداری رابردووەوە فەرمانی دەستگیركردن بۆ حەسەن مەندیل دەرچووە، بە تۆمەتی ئەوەی لە ماوەی یەك ساڵی ڕابردوودا وەك پارێزگاری بابل بە وەكالەت، پۆستەكەی بە شێوەی نایاسایی بۆ خزمەتی خۆی بەكار هێناوە.
هەروەها مانگی رابردوو دەستەی دەستپاكیی عێراق پارێزگارەكەی تۆمەتبار كردبوو بەوەی یاری بە كۆنووسی پەسەندكراوی ئەنجوومەنی پارێزگاكە كردووە لەبارەی پێدانی پارچە زەوی بە كەسوكاری شەهیدان و زیندانیە سیاسییەكان، شوێنی پارچە زەوییەكانی گۆڕیبوو، هەروەها ناوی چەند كەسێكی زیاد كردبوو، بەبێ ئەوەی بە پرۆسەی تیروپشكی وەرگرتنی زەویدا تێپەڕبووبن.
هەر لە مانگی رابردوودا چەندین خۆپیشاندانی ناڕەزایی پارێزگای بابلی گرتبووەوە، تیایدا هاووڵاتییانی شارەكە داوای لەسەر كارلادانی حەسەن مەندیلیان دەكرد.
باسنيوز