تەندروستیی عێراق باس لە بەزۆرەملێكردنی پێدانی پێكوتەی كۆرۆنا دەكات
حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بە بژارەی سەپاندنی پێكوتەی كۆرۆنا كرد بەسەر هاووڵاتییاندا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی پێشوازییەكی ئەوتۆیان لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەدی نەكردووە بۆ وەرگرتنی پێكوتەكە، لە كاتێكدا پەتای كۆرۆنا بەشێوەیەكی خێرا بەناو هاووڵاتییاندا بڵاو دەبێتەوە و مەترسییەكانی بەرەو زیادبوون دەچێت.
تەمیمی گوتی پێشنیازێك هەیە بۆ ئەوەی وەرگرتنی پێكوتەی كۆرۆنا بكرێتە زۆرەملێ، بە تایبەتی بۆ چەند چینێكی دیاریكراو، لەوانەش كرێكار و كارمەندانی چێشتخانەكان، كارمەندانی مۆڵەكان و ماركێتەكان، هەروەها كارمەندانی تەندروستی و دەرمانخانەكان، سەرباری كارمەندانی دەزگاكانی دەوڵەت، بۆ ئەمەش پەیوەندییان بە وەزیرەكانی حكوومەتەوە كردووە.
وەزیری تەندروستیی فیدراڵی ئەوەشی گوت كە عێراق لەو وڵاتە پێشەنگانەی جیهانە كە بە زوویی لە بنكە تەندروستییەكانی هەموو شار و ناوچەكانیدا پێكوتەكانی دژە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای بەردەست كردووە.
basnews -