خەنجەر هاوپەیمانییەکی نوێ بۆ سوننەکان دروست دەکات

خەنجەر هاوپەیمانییەکی نوێ بۆ سوننەکان دروست دەکات
ژمارەیەک کەسایەتیی سوننەمەزهەبی عێراقی هاوپەیمانییەکی نوێ بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختە، دروست دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 11-4-2021، دروستکردنی هاوپەیمانیی (ئەلعەزم) بۆ نوێنەرایەتیکردنی پێکهاتەی سوننەمەزهەبەکانی عێراق، لە بەغدا راگەیەندرا.

هاوپەیمانییە نوێیەکەی سوننەکان راکان جبوری، پارێزگاری سەپێنداروی سەر کەرکووک، کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دوای داگیرکردنی کەرکووک لە ئەنجامی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، بەسەر شارەکەیان سەپاند، لەخۆ دەگرێت.

بەپێی هەواڵێکی (شەفەق نیوز)، ئەو هاوپەیمانییە نوێیە لە ژمارەیەک سیاسەتمەدار و کەسایەتیی سوننە پێک دێت، کە دیارترینیان بریتین لە خەمیس خەنجەر، خالید عوبەیدی، سەلیم جبوری، سەڵاح موزاحیم جبوری، موسەننا سامەڕائی، محەمەد کەربولی، جەمال کەربولی، راکان جبوری، سەلمان لهێبی، محەمەد عەبد رەبە و قوتەیبە جبوری.

هاوپەیمانیی ئەلعەزم بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر، ئەمینداری گشتیی پرۆژەی سیاسیی عەرەبی دەبێت و رکابەریی هەردوو لایەنی سەر بە محەمەد حەلبوسی و ئوسامە نوجەیفی لە نوێنەرایەتیکردنی سوننەکان، دەکات.

لەسەر داوای خۆپیشاندەران و ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق رۆژی 6-6-2021ـی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری کردبوو، بەڵام دواتر وادەکەی بۆ 10-10-2021 دواخست.




باسنيوز
Top