"خۆزگه‌ كوڕه‌كه‌مم نه‌ناردبا تاوه‌كو بمرێت".. كه‌سوكاری كوژراوانی گرووپه‌ میلیشیاكان له‌ عێراق په‌شیمانن

دوای ئه‌وه‌ی گرووپه‌ میلیشاكان له‌ عێراق خانه‌واده‌ی ئه‌و كوژراوانه‌ی فه‌رامۆش كرد، كه‌ خۆیان له‌پێناو ئامانجه‌كانیان به‌كوشتن داوه‌، زۆرێك له‌ خانه‌واده‌ و كه‌سوكاری ئه‌و كوژراوانه‌ هه‌ست به‌ په‌شیمانی ده‌كه‌ن.

به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی واشنتن پۆست، هه‌ندێك له‌ خێزانه‌ هه‌ژاره‌كانی ناسرییه‌ و شاره‌كانی دیكه‌ی باشووری عێراق، سه‌ره‌تا مووچه‌یه‌كی نزیكه‌ی 600 دۆلاری مانگانه‌یان له‌لایه‌ن گرووپه‌ میلیشیاكانه‌وه‌ بۆ بڕابووه‌وه‌ و به‌ڵێنی پێدانی پارچه‌ زه‌ویشیان پێ درابوو، به‌ڵام ماوه‌ی نزیكه‌ی ساڵێكه‌ مووچه‌كانیان ونبووه‌ و هیچ به‌ڵێنێكیش كه‌ پێیاندرابوو، جێبه‌جێ نه‌كراوه‌.

ئه‌وان ده‌لێن: بۆیه‌ مووچه‌بڕ كراون، چونكه‌ چیتر ئه‌وان سوودیان بۆ گرووپه‌ میلیشیاكان نییه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن، تائێستا هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كیان له‌باره‌ی بڕینی مووچه‌كانیان و به‌جێنه‌گه‌یاندنی به‌ڵێنه‌كان له‌لایه‌ن گرووپه‌ میلیشیاكانه‌وه‌ پێنه‌دراوه‌‌.

عه‌بدوڵڵا (ته‌مه‌ن 58 ساڵ) كه‌ خۆبه‌خشێكی پێشووی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان بووه‌ و به‌و مه‌رجه‌ لێدوانی بۆ واشنتن پۆست داوه‌، كه‌ له‌ترسی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ ناوی دووه‌می نه‌هێنرێت، بۆ رۆژنامه‌كه‌ گوتوویه‌تی: "من هه‌ست به‌ په‌شیمانی ده‌كه‌م، چونكه‌ رێگه‌م به‌ برا كوژراوه‌كه‌م دا به‌شداری شه‌ڕ بكات".

به‌گوته‌ی عه‌بدوڵڵا، حه‌یده‌ری برای له‌ ساڵی 2016 له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش له‌ سامه‌ڕا كوژراوه‌ و ئێستا عه‌بدوڵڵا هیواخوازه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی زیاتر له‌ژیان بمێنێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت چاودێری منداڵه‌كانی براكه‌ی بكات.

ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات، به‌شێك له‌ خێزانی ئه‌وانه‌ی له‌ ریزه‌كانی گرووپه‌ میلیشیاكان كوژراون، پارچه‌ زه‌وی و مووچه‌یه‌كی مانگانه‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ و له‌سه‌ر بودجه‌ی فیدراڵی بۆیان بڕاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چاودێری له‌سه‌ر چاره‌نووسی ئه‌و پاره‌یه‌ زۆر كه‌مه‌، چونكه‌ به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی دامه‌زراوه‌ی "چاتام هاوس"، بڕیاری كۆتایی بۆ دیاریكردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی پێیان ده‌درێت، له‌ده‌ست سه‌ركرده‌كانی گرووپه‌ میلیشیاكانه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتی و چاودێریكردنی حكومه‌ت.

سه‌تار كه‌ كوڕه‌كه‌ی به‌ناوی موشتاق له‌ ساڵی 2015 وه‌ك خۆبه‌خش له‌ ریزه‌كانی رێكخراوی به‌دری سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی له‌ شه‌ڕدا كوژراوه‌، گوتی: "به‌ڵێنیان پێدابووین قه‌ره‌بوومان بكه‌نه‌وه‌ و پارچه‌ زه‌ویمان پێ بده‌ن.. دواجار كه‌ سه‌ردانی باره‌گاكانی ئه‌وانم كرد، هه‌موو نووسراوه‌كانم فڕێدایه‌ ناو نووسینگه‌كانیان و پێمڕاگه‌یاندن، خۆزگه‌ كوڕه‌كه‌م نه‌ناردبا بۆ ئه‌وه‌ی بمرێت".

به‌گوته‌ی واشنتن پۆست، هیچ به‌رپرسێكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی ئاماده‌ نه‌بوو له‌وباره‌یه‌وه‌ قسه‌ بۆ رۆژنامه‌كه‌یان بكات، له‌كاتێكدا چه‌ند به‌رپرسێك له‌ دامه‌زراوه‌ی شه‌هیدان ئاماژه‌یان به‌وه‌دا، "پێده‌چێت رێكاره‌ بیرۆكراتییه‌كان هۆكاری ئه‌وه‌ بن، كه تائێستا‌ به‌شێك له‌ خانه‌واده‌ی كوژراوان قه‌ره‌بوو نه‌كرابنه‌وه‌".

عیمادیش باوكی ئه‌و گه‌نجه‌یه‌، كه‌ بڕیاریدا كۆمپانیاكه‌ی له‌بواری ئه‌لیكترۆنیات دابخات، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ گرووپه‌كانی حزبوڵڵا و نوجه‌باوه‌ بكات و له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش به‌شدار بێت و ئه‌وكات له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ باوكیشی بووه‌ته‌ ده‌مه‌قاڵێیان، گوتی: "ئه‌وكات به‌ كوڕه‌كه‌مم گوت: عێراق شایه‌نی ئه‌وه‌ نییه‌ له‌پێناویدا بكوژرێیت.. ئه‌م وڵاته‌ داوای ئه‌ركت لێ ده‌كات به‌ڵام مافه‌كانت نادات".

به‌ڵام به‌گوته‌ی خۆی، عه‌لی له‌ وه‌ڵامه‌كه‌یدا بۆ باوكی پێداگیری له‌وه‌ كردووه‌، "ده‌مه‌وێت به‌رگری له‌ وڵاته‌كه‌م بكه‌م" و وه‌ك باوكه‌كه‌ گوتی: له‌ ساڵی 2016 كوڕه‌كه‌ی له‌ سه‌ره‌تای بیسته‌كانی ته‌مه‌نیدا له‌كاتی پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی مینێكی چێندراو له‌ شاری سامه‌ڕا كوژرا.

عیماد جه‌ختی كرده‌وه‌، "بێئومێدی و داڕووخانێكی زۆر له‌ناو ژماره‌یه‌كی زۆری خانه‌واده‌كانی وه‌ك ئێمه‌دا هه‌یه‌". حوسێنیش كه‌ برای عه‌لییه‌ گوتی: "منیش بۆ رزگاركردنی عێراق به‌شداریم له‌ خۆپیشاندانه‌كانی دژ به‌ حكومه‌تدا كردووه‌".

حوسێن گوتیشی: "براكه‌شم بۆ هه‌مان ئه‌و ئامانجه‌ی به‌شداریكردنم له‌ خۆپیشاندانه‌كان، به‌شداری له‌ شه‌ڕدا كردبوو" و دووپاتیكرده‌وه‌، ئێمه‌ گرنگی به‌ وڵاته‌كه‌مان ده‌ده‌ین، ئه‌گه‌ر عه‌لی بیزانیبایه‌ له‌داهاتوودا چی رووده‌دات، هه‌رگیز په‌یوه‌ندی به‌و گرووپه‌ میلیشیایانه‌وه‌ نه‌ده‌كرد.

جێگای ئاماژه‌یه‌، زۆرێك له‌ چالاكوانان و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان گرووپه‌ میلیشیاكان له‌ عێراق به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، كه‌ به‌رده‌وام سه‌رقاڵی كرده‌وه‌ی كوشتن، رفاندن و ئه‌شكه‌نجه‌دانی ئه‌و چالاكوانانه‌ن، كه‌ به‌شدارییان له‌و خۆپیشاندانانه‌دا كردووه‌، كه‌ له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2019 له‌ دژی گه‌نده‌ڵی و گه‌شه‌سه‌ندنی هه‌ژموونی گرووپه‌ چه‌كداره‌ میلیشیاكان سه‌ریانهه‌ڵداوه‌.
k24 -
Top