چاودێرێکی سیاسی: حەشدی شەعبی لە عێراق بەرەو لاوازی دەچێت

چاودێرێکی سیاسی: حەشدی شەعبی لە عێراق بەرەو لاوازی دەچێت
چاودێرێکی سیاسی، پێیوایە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە عێراق بەرەو لاوازی دەچن و بابەتەکە پەیوەندیی بە کوژرانی قاسم سولەیمانی و هاتنە پێشەوەی راستەوخۆی ئەمریکاوە هەیە.

نەوزاد موهەندس، چاودێری سیاسی، لەمبارەوە ڕايگەیاند: "حەشدی شەعبی لە عێراق بەرەو لاوازبوون دەچێت و بابەتەکە پەیوەندیی بە کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران و هاتنە پێشەوەی ڕاستەوخۆی ئەمریکاوە هەیە و بەهۆی پاشەکشەی هەژموونی ئێرانییەکان دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەمریکا ڕاستەوخۆ هاتووەتە پێشەوە و سازدانی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان ئەمریکا و عێراق بۆ مانەوەی هێزەکانی لەم پرسەدا کاریگەرەن".

ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەی بەوەش کرد: "کاندیدکردن و هەڵبژاردنی مستەفا کازمی بە پشتیوانیی ئەمریکا و بە ئاشکرا پشتیوانیکردنی، هەموو ئەم هەنگاوانە بوێرییان داوەتە کازمی کە جووڵە و چالاکیی بەرچاوی هەبێت بۆ لێدانی میلیشیا چەکدارە توندڕەوە شیعیەکان، بۆ وێنە حیزبوڵای عێراقی و گۆڕین و لابردنی فاڵح فەیاز لە سەرۆکایەتیی حەشدی شەعبی کە زۆر بەهێز بوو، هەروەها بڕینی پارە و ئیمتیازاتەکانی ڕەفحاییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان، حەشدی شەعبی لە عێراق لاواز کردووە".

نەوزاد موهەندس پێشی وایە: "ئەو هەنگاوانە بوونەتە هۆی بێدەنگکردنی سەرکردەی حزبەکانیش لەوانە مالکی و عامری و خەزعەلی و ...هتد، کە خۆیان بە بەهێز و دەمڕاستی عێراق دەزانی".

گوتیشی: "ئەگەرچی شەقامی عێراقی ئومێدی زۆریان لەسەر کازمی هەڵچنیوە، بەڵام کارەکەشی ئاسان نییە و گەندەڵکاران بە ئاسانی لێی ناگەڕێن".













باسنيوز



Top