سوپای عێراق دەیەوێت لە رێگەی نێوان پردی قۆری چایی بۆ جەبارە 20 رەبایە دروستبکات

سوپای عێراق دەیەوێت لە رێگەی نێوان پردی قۆری چایی بۆ جەبارە 20 رەبایە دروستبکات
هێزەکانی سوپای عێراق لەو بۆشاییە ئەمنیەی کە لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە دروستبووە لەنێوان کفری و خوورماتوو جێگیربوون، لیوای 20ی سەر بە فیرقەی پێنجی هێزی پیادەی عێراق لەنێوان پردی قۆری چایی بۆ بازگەی کارێز نۆ رەبایەیان دانا، بەپێی زانیارییەکان، سوپای عێراق دەیەوێت بە درێژایی رێگەی نێوان پردی قۆری چایی بۆ جەبارە 20 رەبایە دروستبکەن.

هێزەکە دەڵێن بە بڕیاری بەغدا و بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو رێگایانە هاتوون کە سێ ساڵە بوونەتە شوێنی تەراتێنی داعش و قاچاخچی و خەڵکی رێگر، بەڵام ئەو هێزانە هەمان هێزن کە لە چەند رۆژی رابردوودا دەروازەکانی مونزریە و مەندەلییان کۆنترۆڵکرد.

ئۆپەراسیۆنەکانی 13 هێزی سوپای عێراق، سنووری پارێزگای دیالە، قەرەتەپە، سەعدیە، خانەقین و گوڵاڵەشی گرتووەتەوە کە بەپێی دەستوور بەشێکن لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان و هەموو جووڵەیەکی سەربازی تێیاندا پێویستە بە ئاگاداریی وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی پێشمەرگە بێت.

فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت "بەبێ رێککەوتن بە هیچ شێوەیەک قبوڵمان نییە هێزەکانی عێراق لە هیچ شوێنێک جێگیربن و دەبێت لیژنەی باڵای هەماهەنگی ئاگاداربێت و رەزامەندی حکومەت و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی هەبێت". جەبار یاوەر گوتیشی، ئۆپەراسیۆنەکەی دژەتیرۆر جیابوو لەوانی دیکە و بۆ مەبەستی پاککردنەوەی گوندەکانی کاکەییەکان بووە لە پاشماوەی داعش.

بە درێژایی هەزار و 100 کیلۆمەتر بۆشایەی ئەمنی لە سنووری دیالەوە تاوەکو نەینەوا لەنێوان هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگە هەیە. زیاتر لە دوو ساڵە، لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق دروستکراوە تاوەکو دۆسیەی ئەمنیی ناوچە کێشەلەسەرەکان بە هاوبەشی بەڕێوەببرێن.

ناسر هەرکی، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوە کرد، نابێت ئیتر تەنیا کۆبوونەوە بکرێت و دەبێت دوا بڕیار لەبارەی چارەنووسی ئەو ناوچانە بدرێت.

جووڵەی هێزە عێراقییەکان، لێدوانی جیاوازی بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەی لێکەوتووەتەوە. لەکاتێکدا ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، هێزە عێراقییەکان بەبێ هاوئاهەنگی هاتوون، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بە بەشداریی هێزی دژەتیرۆری سلێمانی سەر بە دەزگایی ئاسایشی هەرێم دەکات کە بەبێ ئاگاداریی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ بەشداریی ئۆپەراسیۆنەکەیان کردووە.

لە راگەیێندراوەکەی جێگری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراقیش، بەبێ خستنەڕووی هیچ وردەکارییەک، ئاماژە بە بەشداریی فەوجێکی دژەتیرۆر کراوە.







رووداو
Top