سوپای عێراق دوو دەروازەی دیکەی سنووری کۆنترۆڵ دەکاتەوە

سوپای عێراق دوو دەروازەی دیکەی سنووری کۆنترۆڵ دەکاتەوە
پەرلەمانی عێراق گوشاری خستووەتە سەر حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی بۆ چارەسەری ئەو قەیرانە ئابوورییەی بە توندی عێراقی گرتووەتەوە، کۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەکان بکات و لە ژێر هەژموونی میلیشیا و کەسانی دەستڕۆیشتوو و لایەنی سیاسی دەریان بهێنێت.

محەمەد ئەمین فارس، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رايگەیاند، ئەو دەروازانە لە ژێر دەستی لایەنی سیاسی، میلیشایی و کەسانی دەستڕۆیشتوون و پەرلەمانی عێراق گوشاری خستوووەتە سەر مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیران بۆ ئەوەی بیانگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت.

بە گوتەی فارس محەمەد ئەمین، بەشێک لە هۆکاری ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی مستەفا کازمی و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، پەیوەندی بە کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی داهاتی ئەو میلیشیایانەیە لە دەروازەکان، جگە لە دوورخستنەوەیان لە پۆستە ئەمنیەکان.

بەپێی بەیاننامەیەکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 15-7-2020، بەفەرمانی راستەوخۆی مستەفا کازمی، بڕیاری کۆنترۆڵکردنەوەی چەند دەروازەیەکی دیکەی سنووری دراوە.

هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان لە بەسرە راسپێردراوە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی دەروازەی شەلامجە لەسەر سنووری کۆماری ئیسلامی ئێران و دەروازەی سەفوان لەسەر سنووری کوێت.

پەرلەمانتار و چاودێرانی سیاسی بەردەوام باس لەوە دەکەن، کە دەروازە سنوورییەکانی عێراق لەلایەن گرووپ و میلیشیا چەکدارییە تائیفی و حزبییەکانی عێراق دەستیان بەسەردا گیراوە و داهاتەکانیان بۆ ئەو گرووپ و میلیشیایانە دەچێت.














باسنيوز


Top