خەڵکی بەسرە لە دژی سەردانەکەی کازمی ئاڵای هەرێمەکەیان بەرز دەکەنەوە
خەڵکی شاری بەسرەی باشووری عێراق لە دژی سەردانی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەیان، ئاڵای هەرێمی بەسرە بەرز دەکەنەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 15-7-2020، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتنە بەسرە و سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی، لەو شارە کردووە.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، ژمارەیەکی زۆری خەڵکی بەسرە دژی سەردانەکەی مستەفا کازمی، لەبەردەم هۆتێلی بەسرە، کە کازمی تێیدا ماوەتەوە، گردبوونەوەیەکیان ساز کرد.
خۆپیشاندەران ئاڵای هەرێمی بەسرەیان بەرز کردووەتەوە و داوای لێکۆڵینەوەیان لە کوژرانی خۆپیشاندەرانی شارەکەیان کردووە.
هێزە عێراقییەکان و هێزی تایبەتیی سەرۆک وەزیران چواردەوری هۆتێلەکەیان گرتووە و رێگا بە رۆژنامەنووسان و هیچ خۆپیشاندەرێک نادەن لە هۆتێلەکە نزیک ببنەوە.
باسنیوز