فەرماندەیەکی ئەمریکا: کازمی پێویستی بە ئێمەیە و هێزەکانمان لە عێراق دەمێننەوە

فەرماندەیەکی ئەمریکا: کازمی پێویستی بە ئێمەیە و هێزەکانمان لە عێراق دەمێننەوە


فەرماندەیەکی باڵای سوپای ئەمریکا رایدەگەیەنێت، کە سەرۆک وەزیرانی عێراق پێویستی بە ئەمریکایە و هێزەکانیشیان لە عێراق دەمێننەوە.

رۆژنامەی (واشنتن پۆست)ی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، کە جەنەراڵ کینیس ماکینزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا رایگەیاندووە، بڕیارێکی چاوەڕوانکراو لە عێراق بۆ داواکردنی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، بەڕێوەیە.

جەنەراڵ کینیس ماکینزی هەروەها رایگەیاندووە، بڕیاری مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە هەڵکوتانە سەر بارەگای میلیشیای حزبوڵڵای عێراقی و دەستگیرکردنی چەکدارەکانی، هەنگاوێکی گرنگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران.

ئەو فەرماندە ئەمریکییە توڕەیی سەرکردەکانی حزبوڵڵا لە دەستگیرکردنی چەکدارەکانیان بە ”سەگوەڕ“ ناو دەبات و پێیوایە نیشانەی گەورەیی ئەو مەترسیی و ئاستەنگانەیە، کە رووبەڕووی مستەفا کازمی دەبێتەوە.

جەنەراڵ کینیس ماکینزی ئاماژەی بە پێویستیی کازمی بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کردووە و رایگەیاندووە، ”تەنیا پێویستە لەسەر کازمی رێگایەک بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بدۆزێتەوە“.

ماکینزی دڵنیایی خۆی لەوە نیشان داوە،کە حکوومەتی عێراق بەپێچەوانەی پەرلەمانی وڵاتەکەی، داوای مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکات.

دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی لە بەغدا لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە سەرەتای ئەمساڵەوە، پەرلەمانی عێراق بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکای لە عێراق، دا.

ئەو فەرماندە ئەمریکییە رەتی کردووەتەوە ژمارەی ئەو سەربازانەی لە عێراق دەمێننەوە ئاشکرا بکات و رایگەیاندووە، “ئەو بڕیارە بۆ سەرکردە سیاسییەکان بەجێ دەهێڵن”.







باسنيوز
Top