مستەفا كازمی شەقامێكی بەغدای بە ناوی هیشام هاشمی كرد

مستەفا كازمی شەقامێكی بەغدای بە ناوی هیشام هاشمی كرد
ئەمڕۆ سێشەممە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق شەقامێكی بەغدای پایتەختی فیدراڵیی عێراقی بە ناوی هیشام هاشمی ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسیی عێراق كرد، ئەمەش دوای ئەوەی دوێنێ شەو لەلایەن میلیشیاكانەوە لەبەردەم ماڵەكەیدا تیرۆر كرا.


ئەمڕۆ كازمی ناوی شەقامێكی بەغدای نا "شەهید هیشام هاشمی"، نووسینگەی سەرۆك وەزیران لەمبارەوە بڵاوی كردەوە سەرۆك وەزیران لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنەكەدا گوتوویەتی "هاشمی لێمان جیانەبووەتەوە و لەگەڵماندایە، ئەركی سەرشانی ئێمەش وەكو دەوڵەت ئەوەیە كە ئەم غەمباریە بگۆڕین بە ئەنجام و دەسكەوتی راستەوخۆ.


كازمی ئەوەشی گوتووە كە گەلانی عێراق تەنها ئەنجامیان لە حكوومەتەكەی دەوێت و هیچی تر نا، چونكە ئەوان تاكە بەرپرسیارن لە وڵاتەكەدا.


سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنیشی داوە كە نەخەون تا بكوژانی هاشمی دەستگیر دەكەن و رادەستی دادگایان دەكەن.


بەیانیی ئەمڕۆ تەرمی هاشمی كە راوێژكاری پێشووی حكوومەتی عێراق بوو، لە بەغدا بە خاك سپێردرا، دوای ئەوەی دوێنێ شەو لەبەردەم ماڵەكەیدا لە گەڕەكی زەیونەی بەغدا تیرۆر كرا.











باسنيوز



Top