لوبنان قەیرانێکی دیکە بۆ عێراق دروست دەکات

لوبنان قەیرانێکی دیکە بۆ عێراق دروست دەکات
بەهۆی سەردانیکردنی لوبنان و هاوکاریکردنی حکوومەتی ئەو وڵاتە لەلایەن شاندێکی حکوومەتی عێراقییەوە، قەیرانێکی دیکە لە عێراق دروست دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 7-7-2020، رۆژنامەی (ئەلمەدا)ی عێراقی لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە لێژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق سوورە لەسەر بانگهێشتکردنی ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی وڵاتەکەی، بۆ پەرلەمان.

هەروەک رۆژنامەکە بڵاوی کردووەتەوە، ئیحسان عەبدولجەبار لەگەڵ دەسەڵاتدارانی لوبنان رێککەوتووە لەسەر پێدانی نەوتی رەشی عێراقی لەبەرامبەر وەرگرتنی کەلوپەلی کشتوکاڵی و پیشەسازی.

لایەن و کەسایەتییە سیاسییە عێراقییەکان پێیانوایە پێدانی نەوت بە حکوومەتی لوبنان جۆرێکە لە هاوکاری بۆ حکوومەتی ئەو وڵاتە، کە تووشی قەیرانێکی سەختی دارایی و ئابووری بووە.

حەسەن عەلەوی، کە ئەندامی شاندە عێراقییەکە بوو بۆ لوبنان، سەرسوڕمانیی خۆی لە رێککەوتنەکە نیشان داوە و رایگەیاندووە، لوبنان لە چەند حزب و تائیفەیەک پێکدێت و بڕیاری نییە، ئەو کەلوپەلانەی لەکوێ بوو؟

حەسەن عەلەوی ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە بەیرووت دەمەقاڵێی لەگەڵ شاندەکە کردووە و رایگەیاندووە، نەوت و سامانی عێراق باشترە بۆ عێراقییەکان بێت نەک بدرێتە حکوومەتی لوبنان.

هاوکاریکردنی حکوومەتی لوبنان لەلایەن عێراقەوە لەکاتێک دایە، کە حکوومەتی عێراق بەهۆی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، تووشی قەیرانێکی سەختی دارایی و ئابووری بووە.

ئێوارەی رۆژی 2-7-2020، شاندێکی حکوومیی عێراقی بە سەرۆکایەتیی ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوت و محەمەد کەریم، وەزیری کشتوکاڵ سەردانی بەیرووتی پایتەختی لوبنانیان کرد
Top