له به‌غدا هیشام هاشمی شاره‌زا و توێژه‌ره‌وه‌ی بواری گرووپه تیرۆریستییه‌كان تیرۆر كرا
به گوێره‌ی زانیاری میدیای عێراقی چه‌كداره‌كان به دوو ماتۆڕسكیل ته‌قه‌یان له هاشمی كردووه له نزیك ماڵه‌كه‌ی خۆی له ناوچه‌ی زه‌یونه و به سه‌ختی پێكاویانه و دوای گه‌یاندنی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئیبن نه‌فیسی به‌غدا به هۆی سه‌ختی برینه‌كانییه‌وه گیانی له‌ده‌ستدا.
له‌و باره‌یه‌وه، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق، لیوا سه‌عد معن هه‌واڵه‌كه‌ی پشتڕاستكرده‌وه و رایگه‌یاند، "له ئاكامی په‌لامارێكی چه‌كداری، هاشمی شه‌هید بووه".
ژیاننامه‌ی هاشمی
هاشمی له دایكبووی ساڵی 1973ی شاری به‌غدا بوو. خۆی ته‌رخانكردبوو بۆ لێكۆڵینه‌وه له رێكخراوی داعش و میلیشیا هاوشێوه‌كانی. له 1997ه‌وه چاودێری گرووپ و ره‌وته ئیسلامییه‌كانی عێراقی كردبوو.
هه‌روه‌ها شاره‌زا بوو له به‌دواداچوون و ساغكردنه‌وه‌ی كه‌له‌پووری فیقهی و شاره‌زای بواری فه‌رمووده‌ناسی بوو.
* به‌كالۆریۆسی له كارگێڕی و ئابووری هه‌بوو.
* مۆڵه‌تی زانستی له بواری فه‌رمووده‌ناسی پێ به‌خشرابوو.
* له لایه‌ن حكومه‌ت به‌عسه‌وه ده‌ستگیركرابوو و ساڵی 2002 ئازاد كرابوو.
* له 2003ه‌وه سه‌رقاڵی كاری رۆژنامه‌نووسی بوو. وه‌ك هه‌واڵنێر و پهیامێر بۆ چه‌ندین رۆژنامه و كه‌ناڵی بیانی كاریكردووه.
* هاشمی به یه‌كێك له‌وانه هه‌ژمار ده‌كرێت كه په‌رده‌ی له رووی به‌رپرسانی داعش له عێراق و سووریا هه‌ڵماڵی و ناونیشان و پسپۆڕی و ئه‌ركی ئاشكرا كردن.
به‌رهه‌مه‌كانی:
كتێبی (عالم داعش).
* كتێبی (نبذة عن تاريخ القاعدة في العراق)
* كتێبی (تنظيم داعش من الداخل)
* زیاتر له 500 وتار و بابه‌تی له رۆژنامه و گۆڤاره عێراقی و بیانییه‌كان بڵاوكردووه‌ته‌وه.
له ماوه‌ی ژیانیدا چه‌ندین پۆست و به‌رپرسیارێتی پێدراوه له‌وانه:
* به‌ڕێوبه‌ری پرۆگرامی نیشتمانی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر بووه له سه‌نته‌ری ئاكد بۆ توێژینه‌وه ستراتیژییه‌كان.
* راوێژكاری ئه‌منی روانگه‌ی ئازادییه میدیاییه‌كانی عێراق بووه.
* راوێژكاری ئه‌منی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی عێراق بووه.
* ئه‌ندامی تیمی راوێژكارانی لیژنه‌ی راپه‌ڕاندن و چاودێری به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتمانییه‌كان بووه له نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران.
* ئه‌ندامی لیژنه‌ی زانستی كۆنگره‌ی به‌غدا بووه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر.
* وانه‌بێژ بووه بۆ مادده‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر له ئه‌كادیمیای ئه‌منی.
* توێژه‌ری سه‌نته‌ری نه‌هره‌ین بووه بۆ توێژینه‌وه ستراتیژییه‌كان.
K24