کازمی وەزیرێک دەداتە تورکمانەکان
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نووسراوێکی بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کردووە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، "بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە بەشداری نیشتمانی لە بنیادنانی دەوڵەت، پۆستی وەزیری دەوڵەت زیادکراوە و دانراوە بۆ پێکهاتەی تورکمان بۆیە لەو چوارچێوەیەدا حەسەن سلێمان بەیاتی، بەربژێر کردووە بۆ وەزیری دەوڵەت."
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا داوا دەکات، پەرلەمان وادەی کۆبوونەیەک دیاری بکات و دەنگ لەسەر ئەو بەربژێرە بدەن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر لە دوایین پەیوەندی تەلەفۆنیاندا، مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا وەک تورکیا بە فەرمی داوای لە کازمی کردبوو کە لەم کابینەیەدا وەزارەتێک بداتە تورکمانەکانی عێراق.
هەروەها کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری تورکیا (جەهەپە) بە نامەیەک داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە کە پەرلەمانتارێكی بەرەی تورکمانی بکاتە وەزیری دەوڵەت و نووسیویەتی "دەمانەوێت یەکێک لە پەرلەمانتارەکانی بەرەی تورکمانی وەک وەزیری دەوڵەت ببینین."
لە پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی بەرەی تورکمانی 1 پەرلەمانتار هەیە ئەویش ئەرشەد ساڵحییە.
حەسەن سلێمان وەهاب ئۆزمەن بەیاتی
- لە دایکبووی 1955
- بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری هەیە
- لە 2010 ئەندامی پەرلەمان عێراق بووە لەسەر لیستی عێراقییەی ئەیاد عەللاوی
- ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان بوو
- چالاکە لە بوارەکانی مافەکانی مرۆڤ
- ئەندامی بەرەی تورکمانییە
- لە هەڵبژاردنی رابردوو لە پارێزگای دیالە لەسەر لیستی هاوپەیمانی فەتح خۆی بەربژێرکرد و دەرنەچوو
- پێشتر محەممەد تۆفیق عەللاوی بۆ پۆستی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەربژێری کرد
رووداو