لە بەغدا سێ خۆپیشاندان بەڕێوەچوون
لاینگرانی حەشدی شەعبی دژی سعودیە کە لە کاردانەوەی وێنەیەکی کاریکاتێری عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان خۆپیشاندانیان کرد و داوای داخستنی باڵوێزخانەیەی سعودیەیانکرد و ھەوڵی چوونە نێو ناوچەی سەوزیان دا.
خوێندکارەکانیش نوێنەرایەتیی زیاتر لە 33 ھەزار دەرچووی کۆلیژ و پەیمانگە پزیشکییەکانیان دەکرد و لە سەرجەم پارێزگاکانەوە چووبوونە بەغدا.
حەیدەر محەممەد، خۆپێشاندەرە و دەڵێت، "یانی عێراق ئیدی دامەزراندنی تێدا نەما؟ من ئیتر نایەڵم برا و برازاکەم بچن بۆ قوتابخانە. باشترە خەریکی کرێکاری بن یان ھەر شتێکی دیکە زۆر زۆر باشترە، چونکە دامەزراندن لە عێراق نییە".
مستەفا ئەحمەد، خۆپیشاندەرێکی دیکەیە و دەڵێت "ھاتووین لەبەر ئەو خۆرە دەبێت داوای مافی خۆمان بکەین. ئەوە کەی رەوایە ئەمە ئەنجامی خوێندنە؟ دەڵێین کازمی و وەزیری تەندروستی زۆر سوپاسی ئێوە دەکەین لەبەر ئەوەی عێراقتان گەیاندە ئەو ئەنجامە".
بەشێک لە کوردی کەرکووک چووبوونە بەغدا لەپێناو گەیشتنە ئەو ئامانجەی ساڵانێکە ھەوڵی بۆ دەدەن و بەپێی یاسای ژمارە شەشی ساڵی 2000 دەبوو راستەوخۆ ئەو دەرچووانەی بەشە پزیشکییەکان دابمەزرێنرانایە.
ئارام عەبدولمەجید، خۆپیشاندەرێکی کوردە و دەڵێت، "ئەوە دوو بۆ سێ مانگە فۆڕممان پرکردووەتەوە، کەچی دانەمزراوین و کەس حیسابمان بۆ ناکات. ئێستا چەندین کارمەندی تەندروستی تووشی کۆرۆنا بوون، نەخۆشخانەکان بەھۆی کەمیی کارمەندەوە دەناڵێنن، کەچی ئێمە دانامەزرێنن لە کاتێکدا بەپێی یاسا دەبێت راستەوخۆ دابمەزرێین".
بڕوا حەسەن، خوێندکارێکی خۆپیشاندەرە و دەڵێت، "بە شەو بە رۆژ لێرە دەمێنینەوە تا ئەو کاتەی بەڵێنی سەد لە سەدمان دەست نەکەوێت ئێرە چۆڵناکەین. تا دانەمەزێین لێرە ناڕۆین. تائێستا کەس نەھاتووە، بەس داوایان کردووە نوێنەرمان بچێتە لایان. ئێمە ئەوە ناکەین، چەندین جار ئەوە روویداوە و بە قسەی باقوبریق بەرێیان کردووین، بەڵام ئەمجارە ئەوە ناکەین و جارێکی دیکە بەو پەتە ناچینە بیرەوە".
سەرباری نارەزایەتی و مانگرتنی ھەزاران دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان، ھێشتا حکومەتی عێراق ھیچ بەرنامەیەکی بۆ دامەزراندن نییە. بڕیاربوو لە پرۆژەیاسای بودجەی 2020ـدا جێگەی بەشێکی دەرچووان بکرێتەوە، بەڵام ھێشتا ئاسۆی ناردنی پرۆژەیاساکە روون نییە و ھیچ ھەنگاوێک لەو بارەوە نەنراوە.
رووداو