مستەفا کازمی نەخۆشخانەیەکی لە شاری سەدر کردەوە
نەخۆشخانەکە 300 قەرەوێڵەی تێدایە، کازمی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی سەردانی نەخۆشخانەکەی کرد و پاش بەسەرکردنەوەی بەشەکانی ئەو نەخۆشخانە لەوانە بەشی چاودێریی چڕ، بە راگەیاندنەکانی گوت، "خۆی بە خۆشحاڵ دەزانێت".
مستەفا کازمی ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمڕۆ رۆژێکی خۆشە بۆ من، چونکە هاتوومەتە لای خزم و کەسەکانم". هاوکات سوپاسی سەرایای سەلامی کرد کە سەر بە رەوتی سەدرە و بەشێکن لە حەشدی شەعبی. لە لێدوانێکدا رایگەیاند، مێژوو ئەمڕۆ بە رۆژێکی پرشنگدار بۆ موقتەدا سەدر تۆماردەکات.
نەخۆشخانەکە پێشتر بنکەی سەرایای سەلام بووە، بەڵام لەسەر راسپاردەی موقتەدا سەدر کراوەتە نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا و وەزارەتی تەندروستی عێراقیش کەلوپەلی پێویستی پزیشکی بۆ دابینکردووە.
کردنەوەی ئەو نەخۆشخانەیە لەکاتێکدایە تووشبووانی کۆرۆنا لە عێراق رۆژ بە رۆژ زیاد دەکەن و وەزیری تەندروستیی ئەو وڵاتەش هۆشداری دەدات لەوەی نەخۆشخانەکان پڕبوون. ئەمڕۆ دوو هەزار و 125 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە عێراق تۆمارکران، بەوەش کۆی گشتیی تووشبووان بۆ 60 هەزار و 479 تووشبوو بەرزبووەوە. هاوکات ژمارەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە دوو هەزار و 473 کەس.
سەردانەکەی کازمی بۆ شاری سەدر لە پاش لێدوانە تووندەکانی دێت لە دژی هەندێک گروپی حەشدی شەعبی کە تۆمەتباریان دەکات بە تێکدانی هێمنی و ئاسایشی عێراق، هەروەها دوای دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی 14 چەکداری کەتائیبی حیزبووڵڵا دێت کە کاردانەوەی لێکەوتەوە.
رووداو