نۆ ملیار دۆلاری داهاتی ساڵانەی عێراق بەهەدەر دەڕوات

نۆ ملیار دۆلاری داهاتی ساڵانەی عێراق بەهەدەر دەڕوات
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرایدەكات کە نۆ ملیار دۆلاری داھاتی ساڵانەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق بەهەدەر دەڕوات.

مازن عەبدولمونعیم فەیلی، ئەندامی لیژنەی دارایی و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: "بە پێی ئامارەكان داھاتی ساڵانەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق دەگاتە سەرووی 10 ملیار دۆلار، بەڵام تەنھا ملیارێك دۆلار دەچێتەوە گەنجینەی دەوڵەت و نۆ ملیارەكەی تر چارەنووسی نادیارە و بەهەدەر دەڕوات".

مازن فەیلی، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە لاپەرەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) ئەوەشی خستەروو، "دەبێت حكوومەتی ھەرچی زووە چاكسازی لە گومرگ و دەروازە سنوورییەكان دەستپێبكات، دەبێت چارەسەرێك بدۆزرێتەوە و سامانی بەھەدەر دراو بگەڕێنرێتەوە بۆ حكوومەت و لە بەرامبەر لە كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرھەمی ناوخۆیی تەرخان بكرێ".

فەیلی داواش دەكات بۆ شەفاكردنی داھات لەو دەروازە سنووریانە، سیستمی كاركردن بكرێنە ئەلكترۆنی و ئیدارەیەكی تۆكمە بۆ بەڕێوەبەردنیان دابمەزرێت و چیتر لێبوردنی گومرگی نەدرێتە گەورە بەرپرسانی عێراق و كۆمپانیاكانیان و بازرگانان.












باسنيوز



Top