نۆ ملیار دۆلاری داهاتی ساڵانەی عێراق بەهەدەر دەڕوات
مازن عەبدولمونعیم فەیلی، ئەندامی لیژنەی دارایی و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: "بە پێی ئامارەكان داھاتی ساڵانەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق دەگاتە سەرووی 10 ملیار دۆلار، بەڵام تەنھا ملیارێك دۆلار دەچێتەوە گەنجینەی دەوڵەت و نۆ ملیارەكەی تر چارەنووسی نادیارە و بەهەدەر دەڕوات".
مازن فەیلی، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە لاپەرەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) ئەوەشی خستەروو، "دەبێت حكوومەتی ھەرچی زووە چاكسازی لە گومرگ و دەروازە سنوورییەكان دەستپێبكات، دەبێت چارەسەرێك بدۆزرێتەوە و سامانی بەھەدەر دراو بگەڕێنرێتەوە بۆ حكوومەت و لە بەرامبەر لە كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرھەمی ناوخۆیی تەرخان بكرێ".
فەیلی داواش دەكات بۆ شەفاكردنی داھات لەو دەروازە سنووریانە، سیستمی كاركردن بكرێنە ئەلكترۆنی و ئیدارەیەكی تۆكمە بۆ بەڕێوەبەردنیان دابمەزرێت و چیتر لێبوردنی گومرگی نەدرێتە گەورە بەرپرسانی عێراق و كۆمپانیاكانیان و بازرگانان.
باسنيوز