لێژنەی تەندروستیی پەرلەمان کازمی گفتوگۆ لەبارەی پەتای کۆرۆنا دەکەن
لێژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق لەبارەی رەوشی تەندروستی و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆ دەبێتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 1-7-2020، لێژنەی تەندروستیی پەرلەمان لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆ ببێتەوە.
سەلمان غەریباوی، ئەندامی لێژنەی تەندروستی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی کەمیی خزمەتگوزاری و ئامێرە تەندروستییەکان دەخرێنە بەر باس، جگە لە کەمیی ژمارەی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی.
هەروەک سەلمان غەریباوی رایگەیاندووە، دەستدرێژیکردنە سەر پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و دەرمانی ئەڤیفاڤیری رووسی، کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا، بەشێکی دیکە لە گفتوگۆی نێوان لێژنەی تەندروستی و مستەفا کازمی پێک دەهێنن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، لێژنەی تەندروستی پێشنیازێک دەداتە سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی کارگەی دەرمانی سامەڕا راستەوخۆ بخرێتە سەر نووسینگەی سەرۆک وەزیران.
باسنیوز