ناوی 41 ئەندامی هاوپەیمانییە نوێكەی پەرلەمانی عێراق ئاشكراكرا
ئەو هاوپەیمانیەتییە سیاسی، پەرلەمانی و جەماوەری دەبێت و کار بۆ دەوڵەتێکی رێزلێگیراو و بەهێز دەکات
عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی ئەمڕۆ سێشەممە 30ی حوزەیران بە بەشداری ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنە جیاوازەکان پێکهێنانی هاوپەیمانی عێراقییەکان "عراقيون"ی راگەیاند و رونیکردەوە، ئەو هاوپەیمانیەتییە سیاسی، پەرلەمانی و جەماوەری دەبێت و کار بۆ دەوڵەتێکی رێزلێگیراو و بەهێز دەکات کە خاوەن سەروەری نیشتیمانی و ئیرادەی جەماوەری دور لە پشک پشکێنەی پارتەکان بێت.
باسی لەوەشکردوە، هاوپەیمانی عێراقییەکان "عراقيون" کار بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەیەک بۆ ئارامی سیاسی و دورخستنەوەی وڵات لە ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەکات و پشتیوانی لە چاکسازی راستەقینە و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات.
هاوپەیمانیەتییەکە بەوە جیادەکرێتەوە کە بە زمانی ژمارە کارەکانی ئەنجامنادات
لەبارەی ژمارەی ئەو ئەندامانەی پەرلەمان کە دێنە ناو هاوپەیمانیەتییەکەوە عەمار حەکیم باسی لەوەکردوە، هاوپەیمانیەتییەکە بەوە جیادەکرێتەوە کە بە زمانی ژمارە کارەکانی ئەنجام نادات، بەڵکو لە رێگەی پێشکەشکردنی نمونەیەکی نوێ لە کاری سیاسی و بەرپرسیاریەتی هاوبەش لەگەڵ لایەنەکانی دیکە کارەکانی ئەنجام دەدات.
بە گوێرەی زانیارییەکان هاوپەیمانی عێراقییەکان "عراقيون" جگە لە فراکسیۆنی حیکمە کە 25 پەرلەمانتاری هەیە، نزیکەی 25 پەرلەمانتاری سەربەخۆ و پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکانی دیکەش دەچنە پاڵە ئەو فراکسیۆنە نوێیە و کۆی ئەندامەکانی لە پەرلەمان نزیکەی 50 ئەندام دەبێت.
هەر بەگوێرەی ئەو لیستەی كە وێنەیەكی گەیشتوەتە خەندان، تا ئێستا ناوی 41 پەرلەمانتاری هاوپەیمانییە نوێیەكە ئاشكراكراوە.
خەندان-