گرووپە چەكدارەكانی عێراق لە كازمی ھەڵدەگەڕێنەوە
گرژییەکانی نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و ھەندێك لە گروپە چەکدارەکانی حەشدس شەعبی، لە کاتێکدا بەگوێرەی دەستوور سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراقە، بەڵام بەشێک لەو ھێزانە خۆیان لەسەرووی یاسا و دەستوور دەبینن.
ناسر ھەرکی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24ی گوت: "تائێستا ھەموو ھێزەكانی عێراق لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراقدا نین، بەڵكو دوو ھێزی سەرەكی لە عێراق ھەن، یەكێكیان ئەوانەن كە سەر بە وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆن، یەكێكی دیكە ھێزی حەشدی شەعبییە، بە ھیچ شێوەیەك لەژێر فەرمانی فەرماندەی ھێزە چەكدارەكانی عێراق نین".
كێشەی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بەجۆرێک کەڵەکە بووە، ئێستا تەنھا گرووپی چەکداری و میلیشیاکان نیین كە بوونەتە ھەڕەشە، بەڵکو ئەو ھێزانەشن کە پەرلەمان بە یاسا کردونی بە ھێزی عێراقی و مووچە و بودجە لە حکومەت وەردەگرن، بەڵام بەپێی دەستوور و یاسا کار ناکەن.
لەوبارەوە محمد ئەمین فارس ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێ: "سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق ھەم دەیەوێت دەسەڵاتی دەوڵەت بچەسپێنێ، ھەمیش ھەندێك گۆڕانكاری بكات، ئەو گۆڕانكارییانەش بەتایبەتی لە رووی دارایی و دەروازە سنوورییەكانن".
گوتیشی: "لەو گۆڕانكارییانە بەرژەوەندی ھەندێك كەس و لایەن دەكەوێتە مەترسی، چونكە ھەندێكیان لەو لایەنانە ئەجندای وڵاتانی دیكە جێبەجێ دەكەن".
بەپێی ئەو ئامارەی لە بەردەست پەرلەمانتاران دایە 130 ھەزار چەکداری حەشدی شەعبی، موچە لە حکومەتی عێراق وەردەگرن و بەو ژمارەیەش تەنھا 43 ھەزاریان چەکداری راستەقینەن، کە مانگانە موچەی خەیاڵی لە حکومەتی عێراق وەردەگرن. جگە لەو پاڵپشتییە داراییەی لە وڵاتانی دراوسێ دەکرێن پەرلەمانتاران ئاماژە بەوەش دەکەن لە کاتێکدا دامەزراندن لە ھەموو عێراق راگیراوە، بەڵام چەکدار بۆ حەشدی شەعبی دادەمەزرێندرێت بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە حکومەتی عێراق ھیچ دەسەڵاتێکی نییە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ھێزە.
شەوی 26/6/2020 دژەتیرۆر و هەواڵگیریی عێراق لە ئۆپەراسیۆنێكی ھاوبەشدا لە بەغدا، هەڵیانکوتایە سەر بارەگای سەرەکیی کەتائیب حزبوڵڵا کە گرووپێکی سەر بە حەشدی شەعبییە و 14 کەسیان لێ دەستگیرکردن، ئەمەش دۆخی ناوخۆی عێراقی ئاڵۆزتر كرد. دواتر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان روونکردنەوەیەکی لەبارەی شەڕەکە بڵاوکردەوە و بەبێ ئەوەی ناوی حەشدی شەعبی بهێنێ، گوتی "ئەوانە هێزێکی لە یاسا دەرچوون و بە فەرمانی دادگا دەستگیرکراون".
لەبەرامبەردا قهیس خهزعهلی، ئهمنیداری گشتیی عهسائیب ئههلولحهق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و سەرۆک وەزیرانی عێراقی تۆمەتبار کرد بەوەی ئەو بڕیاری دەستگیرکردنەکەی داوە و، گوتی "هیچ كام له یهكهكانی حهشدی شهعبی، هیچ دامهزراوهیهكی حكومهتیان نهكردووهته ئامانج، بهڵكو ئهوهی كراوهته ئامانج، بارهگای هێزهكان و باڵیۆزخانهی ئهمەریكا بووه".
K24