بە هۆی كۆرۆناوە لە عێراق بازرگانییەكی ساختە پەیدا بووە
هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناوە، لە جیهاندا گرنگییەكی زیاتر بە حەبەكانی ڤیتامین و مادەی زەنك درا، چونكە بەرگری جەستەی مرۆڤ لە بەرانبەر ڤایرۆسی كۆرۆنا بەهێز دەكەن، بەڵام بەم دواییە لە بازاڕەكانی عێراقدا حەبی ساختە و لە ئارد دروستكراو، بەناوی ڤیتامین و زینك بڵاو كراوەتەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڵاوی كردەوە كە چەندین بریكاری فرۆشتنی حەبی ساختەیان دەستگیر كردووە، كە كەپسولی حەبی پڕ لە ئاردیان بە ناوی حەبی ڤیتامینی و زەنك فرۆشتووەتەوە.
دەزگایەكە ئاشكراشی كردووە كە لە ڕێگەی چەندین پەیوەندیی هاووڵاتییانەوە، بە بڵاوبوونەوەی ئەم حەبە ساختانەیان زانیوە، كە لە دەیان دەرمانخانەشدا فرۆشراونەتەوە.
جێی باسە چەند هەفتەیەكە پەتای كۆرۆنا بە شێوەیەكی بەربڵاو لە عێراقدا بڵاوبووەتەوە و بەم هۆیەوە هاووڵاتییان ترسێكی گەورەیان لێ نیشتووە.
باسنيوز