لە شارێكی باشووری عێراق ئۆكسجین نەما

لە شارێكی باشووری عێراق ئۆكسجین نەما
لە شاری ناسریەی شیعەنشینی باشووری عێراق چیتر ئۆكسجین بۆ تووشبووانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا نەماوە و تووشبووەكان سەرەیان گرتووە تا ئۆكسجینیان بەركەوێت.

دانیشتوانی ناسریە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا چەندین ناڕەزاییان بڵاوكردووەتەوە و ئاماژەیان بەوە داوە كە ئەوان لەلایەن حكوومەتەوە سزا دەدرێن، لەسەر ئەو هەڵوێستانەی كاتی خۆی لە دژی حكوومەت هەیانبووە و ناڕەزاییان لە نەبوونی خزمەتگوزاری دەربڕیوە.

خەڵكی ناسریە دەڵێن حكوومەت تۆڵەی هەڵوێستە سیاسییەكانمان لێ دەكاتەوە، بە تایبەتی كە لە دوای خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە، شارەكەیان بەردەوام بوو لە مانگرتنی گشتی و خۆپیشاندانی سەرتاسەری.

ئەمەش لە كاتێكدایە كە لە دوێنێ شەوەوە ڤیدیۆیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاو كراوەتەوە، تیایدا ژمارەیەكی بەرچاوی تووشبووانی پەتای كۆرۆنا دەردەكەون، لە گۆڕەپانێكی نەخۆشخانەدا سەرەیان گرتووە بۆ وەرگرتنی بەرمیلی ئۆكسجین.

جێی باسە تووشبووانی پەتای كۆرۆنا بەهۆی ئەوەی ڕێژەی ئۆكجسین لە خوێنیاندا دادەبەزێ، پێویستیان بە یارمەتی هەناسەدان لە ڕێگەی ئامێری ئۆكسجینەوە دەبێت.












باسنيوز



Top