حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا دەست بەسەر زەویی پێكهاتەكاندا دەگرێت
پێشلێكارییەكانی حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا وەك نوێنەرێكی پێشووی كوردانی شەبەك لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بۆ دەكات بەردەوامن و ئێستاش دەستیان گرتووە بەسەر زەویی پێكهاتە جیاجیاكانی دەشتی نەینەوادا.
ئەمڕۆ یەكشەممە 28/6/2020، سالم شەبەك، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند: "پێشێلكارییەكانی حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا رۆژانە بەردەوامن و دوای هەموو ئەو نەهامەتییانەی كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هێناویانەتە سەر پێكهاتەكانی دەشتی نەینەوا، ئەمجارەیان دەست بەسەر زەویی پێكهاتەكانی دەشتی نەینەوا لە كوردی شەبەك و مەسیحی و توركماندا دەگرن و هەر لەسەر ئەو زەوییانە ئێستا كۆمەڵگەی نیشتەجێبونیان دروست كردووە".
ئاماژەی بەوەش کرد: "لەو كردەوەیەشدا"وەعەد قەدۆ" یەكێك لە سەرانی حەشدی دەستی تێدایە و ئەوان كار بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەكە دەكەن و تەواوی پێكهاتەكانی دەشتی نەینەوا دۆخیان ناجێگیرە و مەسیحییەكان تا ئێستا وەك پێویست نەگەڕاونەتەوە بۆ "بەرتەڵە و قەرەقۆش" و لە هەرێمی کوردستان ئاوارەن و ئێمەش وەك كوردی شەبەك تا ئێستا 3500 خێزانی شەبەك لە هەرێم ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە هەر بەهۆی ئەو میلیشیایانەوە".
گوتیشی، هاوكات میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ئێستا لە سنووری دەشتی نەینەوا، بۆ هەر بارهەڵگرێك كە بێتە سنوورەكە بڕی 300 دۆلاری وەك سەرانە لێ وەردەگرن و هەروەها ئێستا كە كاتی وەرگرتنی گەنم و جۆی جوتیارانە لە سایلۆكانی دەشتی نەینەوا حەشدی شەعبی لەوانیش بۆ هەر بارهەڵگرێك 1200 دۆلار وەردەگرن وەك سەرانە، بۆیە بەڕاستی پێویستە ئەو پێشێلكاریانەی حەشد لەم سنوورە رۆژانە هەر هیچ نبێت لە ڕاگەیاندنەكانەوە باس بكرێت.
باسنيوز