گوتەبێژی کازمی: دەستگیرکردنی چەکدارانی حەشد بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی دەوڵەتە

گوتەبێژی کازمی: دەستگیرکردنی چەکدارانی حەشد بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی دەوڵەتە
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەستگیرکردنی چەکدار و سەرکردەکانی حەشدی شەعبی بۆ ”گەڕاندنەوەی شکۆی دەوڵەتی عێراق“، دەگەڕێنێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 27-6-2020، عەمید یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژ بەناوی مستەفا کازمیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، رایگەیاندووە، هێزی دژەتیرۆری عێراق 14 چەکداری بە تۆمەتی دانانی سەکۆی مووشەکی، دەستگیر کردووە.

عەمید یەحیا رەسوڵ بە ئاژانسی (سکای نیوز)ی راگەیاندووە، تیمی هەواڵگریی و دادوەری لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیرکراوەکان دەکەن و بەهیچ شێوەیەک رێگا بە ”بەئامانجگرتنی ناوچەی سەوز نادەین و دەستگیرکردنەکەش بۆ گەڕاندنەوەی شکۆیە بۆ دەوڵەتی عێراق“.

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هەموو دەستگیرکراوەکان هاووڵاتیی عێراقین و هیچ کەسێکی بیانییان لەگەڵدا نییە.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، هێزەکانی دژەتیرۆری عێراقی ژمارەیەک چەکدار و سەرکردەی میلیشیای حزبوڵڵای عێراقییان دەستگیر کرد، کە بەنیازی دامەزراندنی سەکۆی مووشەکی بوون بۆ تۆپبارانکردنی بنکە سەربازییەکان و باڵوێزخانەی ئەمریکا.













باسنيوز


Top