هێزە ئەمنییەكانی عێراق گروپێكی چەكداری تایبەت بە دروستكردنی موشەك دەستگیردەكەن
زیاتر لە 10 ئەندامی گروپێكی چەكدارییان تایبەت بەو كارە دەستگیركردوە
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، میدیای عێراقی و جیهانییش لەوبارەیەوە رایانگەیاند، درەنگانی شەوی رابردو هێزە ئەمنییەكانی عێراق توانیویانە لە باشوری پارێزگای بەغدا پێگەیەكی تایبەت بە بەرهەمهێنانی موشەك بدۆزنەوە و زیاتر لە 10 ئەندامی گروپێكی چەكدارییان تایبەت بەو كارە دەستگیركردوە.
دوای دەستگیركردنی ئەو چەكدارانە، بە ماوەیەكی كەم رەوانەی بەشی ئەمنیی هێزەكانی حەشدی شەعبی كراون
چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە هێزە سەربازییەكانی عێراق و بەرپرسانی حكومی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن ئاشكرایانكردوە، دوای دەستگیركردنی ئەو چەكدارانە، بە ماوەیەكی كەم رەوانەی بەشی ئەمنیی هێزەكانی حەشدی شەعبی كراون.
هێشتا دەستگیركراوەكان لەژێر دەسەڵاتی هێزە ئەمنییەكانی عێراقدا دەستبەسەرن
دواتر بەرپرسێكی حكومی وتەی ئەو سەرچاوە ئەمنیانەی رەتكردوە و وتی "هێشتا دەستگیركراوەكان لەژێر دەسەڵاتی هێزە ئەمنییەكانی عێراقدا دەستبەسەرن".
سەبارەت بە ژمارەی دەستگیركراوەكانیش ژمارەی جیاواز ئاماژەی پێدەكرێت، بەرپرسێكی حەشدی شەعبی رایگەیاندوە ژمارەیان 19 كەسە لەكاتێكدا بەرپرسێكی حكومی ئاماژەی بەوەكردوە ئەو چەكدارانەی دەستبەسەرن 23 چەكدارن.
كارگەیەكی پیشەسازیی دروستكردنی موشەك بوە
ئاژانسی هەواڵیی سۆمەریە نیوز-یش لەوبارەیەوە لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە رایگەیاندوە، پێگەكەی چەكدارەكانی تێدا دەستگیركراوە "كارگەیەكی پیشەسازیی دروستكردنی موشەك بوە"، سەبارەت بە ژمارەی دەستگیركراوەكانیش بڵاویكردوەتەوە "13 كەس بون كە لەو كارگەیەدا كاریانكردوە".
ئاژانسەكانی جیهان ئەو هەنگاوەی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە "بوێرانەترین هەنگاو" ناودەبەن دوای چەندین هێرشی موشەكی بۆ سەر ناوچەی سەوز فڕۆكەخانەی بەغدا و باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەو ناوچەیە.
ئەوەش دوای چەند كاتژمێرێك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی موستەقا كازمی، سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق دێت كە تێیدا رایگەیاند "بەتوندی لێكۆڵینەوە لە دەستە و تاقمانە دەكات كە هێرشی موشەكی ئەنجامدەدەن".
خەندان-