ئەمریکا هەوڵی فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی لە عێراق دەدات

ئەمریکا هەوڵی فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی لە عێراق دەدات
لە قۆناغی یەكەمی دانوستاندنەكانی عێراق و ئەمریكا كە لە 11ـی ئەم مانگە ئەنجام درا، ئەمریكا پرۆژەیەكی پێشكەشی عێراق كرد، كە دەیەوێ مانەوەی لە عێراق تەنها بەشێوەی سەربازی نەبێ، بەڵكو لە سەرجەم بوارەكاندا ببێتە هاوبەشی عێراق.

د.سەنگەر سەید قادر، لێکۆڵەری سیاسی و لێکۆڵەر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، رایگەیاند، لاوازی ڕۆڵی ئەمریكا لە سیستەمی ئابووریی عێراقدا وایكردووە عێراق ببێتە گیرفانی پڕی ئێران.

سەنگەر سەید قادر هەروەها رایگەیاند، ئەوەی ئەمریكا داوای كردووە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوە یان كۆنترۆڵكردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، سنوورداركردنی هەژموونی ئێران و ڕزگاركردنی كەرتی وزەی عێراقی لە ژێر دەستی ئێران، توركیا و ڕووسیا.

ئەو لێکۆڵەرە سیاسییە ئاماژەی بەوەش دا، کە بەشێكی دیکەی داواكارییەکانی ئەمریكا بریتییە لە ڕاستكردنەوەی سیستەمی سیاسی و ئابووریی عێراق و بڕیاری داوە ڕاوێژكارانی بانكی و ئابووری بۆ هاوكاری مستەفا كازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق بنێرێت.

هەروەک سەنگەر سەید قادر رایگەیاند، ئەمریکا لە بەرامبەر ئەو هاوکارییانە بۆ مستەفا کازمی، دەیەوێ ببێتە هاوبەشی عێراق لە رووی ئابووریی و سیاسی و هەر ئەوەشە وایكردووە، كە میلیشیاكانی عێراق هەست بە مەترسی بکەن، بۆیە داوای گۆڕینی شاندی عێراقی لە دانوستاندنەکانی واشنتن و بەغدا، دەکەن، كە بڕیارە لە مانگی داهاتوودا قۆناغی دووەمی ئەو دانوستاندنانە بەڕێوە بچێت.











باسنیوز




Top