بڕیاری راگرتنی مووچەی بەشێك لە پەنابەرانی كامپی رەفحا دەركرا
بە پێی راگەیەندراوێكی نووسینگەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە فەرمی بڕیاری راگرتنی مووچەی ئەو پەنابەرانەی رەفحا دەرچووە كە لە بنەماڵەیەكدا دوو كەس مووچەكەیان هەیە، لەمەودوا لە خێزانێكدا تەنها یەك كەس دەتوانێ مووچەی پەنابەرانی رەفحای هەبێت و ناشبێ مووچەكەی لە یەك ملیۆن دینار زیاتر بێت.
هەروەها بە پێی بڕیارە نوێیەكە، نابێ ئەو پەنابەرانەی رەفحا كە لە دەرەوەی عێراقن، چیتر مووچەی پەنابەرانی رەفحا وەربگرن، هەروەها هەر پەنابەرێكی كامپی رەفحا كە خاوەن خێزان نەبێ، مووچەكەی دەبڕدرێت، ناشبێ هیچ مووچەیەكی لە دەوڵەتدا هەبێ.
ئەم بڕیارەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كاتێكدایە لە رۆژانی رابردوودا لایەنە شیعەكانی عێراق ڕێگەیان نەدا ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەكە پێداچوونەوە بە مووچەی پەنابەرانی كامپی رەفحای سعوودیە بكا، كە لە دوای شۆڕشە سەرنەكەوتووەكەی 1990ی باشووری عێراق لە دەست ڕژێمی سەدام رایانكرد و ئێستا ژمارەیان زیاتر لە 30 هەزار کەسە و ساڵانە 40 ملیار دیناری بودجەی عێراقیان بۆ تەرخان دەکرێ.
باسنيوز