پزیشکێکی پسپۆڕ: عێراق دەبێتە ئیتاڵیای دووەم
دکتۆر حەیدەر سولەیمان، پزیشکی پسپۆڕی عێراقی، رایگەیاند، نابێ وەزارەتی تەندروستی تەنیا پشت بە دەرمان ببەستێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.
حەیدەر سولەیمان بەپێویستی زانی حکوومەتی وڵاتەکەی بە بایەخەوە لە رێکارە تەندروستییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بڕوانێ و زۆرتر گرنگیی بە قەدەغەکردنی هاتوچۆ و دروستنەبوونی گردبوونەوە و تێکەڵاوی، بدات.
ئەو پزیشکە پێیوایە حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، کەیسی تەندروستی پشتگوێ خستووە و گرنگیی زیاتر بە بابەتە سیاسی و ئابوورییەکان دەدات و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی عێراق لە رووی ژمارەی تووشبووان و مردووان بە کۆرۆنا، ببێتە ئیتاڵیای دووەم.
دکتۆر حەیدەر سولەیمان ئاماژەی بەوە کرد، دوو دەستە دەرمانی ئەڤیفاڤیر، کە دەرمانێکی رووسییە و عێراق بەرهەمی دەهێنێت و بۆ چارەسەری تووشبووانی پەتای کۆرۆنا بەکاری دەهێنێت، بە 400 دۆلارە و وەزارەتی تەندروستی لە قۆناغی یەکەمدا، بەخۆڕایی بۆ چارەسەرکردنی 150 نەخۆش بەکاری دەهێنێت.
ئەو پزیشکە ئاماژەی بە چارەسەرێکی ئاسان و خۆڕایی بۆ پەتای کۆرۆنا کرد و رایگەیاند، جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکانی وەک تێکەڵنەبوون بە خەڵک و بەکارهێنانی دەمامک، چارەسەرێکی خۆڕاییە بۆ پەتای کۆرۆنا.
باسنیوز